زووم:
ڕۆژی یەکشەممە، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس ڕۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئۆپەراسیۆنی “گەردەلوولی ئەلئەقسا” لە هێرشەكانی سەر ئیسرائیل ئاشكراكرد، ئەوەش بە بڵاوكردنەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی.
بەیانی ڕۆژی شەممە بۆ بە ئامانجگرتنی چەند ناوچەیەكی ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس هێرشێكی لە ڕێگەی مووشەک و ئۆپەراسیۆنی دزەکردنەوە دەستیپێکرد.
بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەك شەممە ئاشكرایكرد، جگە لە موشەك و دزەكردنی چەكدار بۆ ناو خاكی ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی لە یەکەم ساتەکانی شەڕەكەوە بەهێرشکردنە سەر پێگە و ئامانجەکانی دوژمن بە 35 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی لە جۆری زواری بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە.
لەدوای بەیاننامەكەش، حەماس تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوەو هەندێک دیمەنی هەڵدانی فڕۆكەكانی پیشانداوە، كە بەشداری لە هێرشەكانی سەر ئیسرائیلیان كردووە.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢١ کەوتوونەتە خزمەتی سەربازییەوە.
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ناوی “زواری”ی لێنراوە، کە ئەویش بەناوی محەمەد زواری سەرکردەی باڵی سەربازی حەماسەو لە ساڵی ٢٠١٦دا کوژراوە، ئەو یەكێك بووە لەو كەسانەی رۆڵی لە دروستكردنی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكە هەبووە.