زووم:
عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری پشتیوانی هێرشی گروپە چەكدارییەكانی غەزە بۆ سەر ئیسرائیل دەكات و دەڵێت: تێكۆشەرانی فەڵەستین فەرمایشتی خوایان جێبەجێکردووە.
عەلی باپیر لە میانی بەیاننامەیەك، كە رۆژی شەممە بڵاویكردووەتەوە، پشتیوانی خۆی بۆ هێرشەكان راگەیاندووەو دەشڵێت: ئەوەی ئەم بەیانییە ڕوویدا لە نێوان تێكۆشەرانی فەڵەستین و سەهیۆنیە داگیركەرەكاندا لە دەوروبەری غەززە، جێبەجێبوونی فەرمایشتی خوای بەرزە.
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری ئەوەش دەڵێت: لەخوای بەرزیش داواكارین كە هاوكاری فەڵەستینییەكان و تێكڕای ستەملێكراوان و چەوسێنراوانی دونیا بێت
باسی لەوەش كردووە، كە لەسەر تێكڕای موسوڵمانانیش پێویستە “پشتیوانی گەلی ستەمدیدەی فەڵەستین بكەن، ئەگەر بە دۆعایەكیش بێت”.
بەیانی رۆژی شەممە گروپە چەكدارییەكانی كەرتی غەزە لە فەڵەستین ئۆپەراسیۆنێكیان بەناوی “گەردەلوولی ئەقسا” بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێكرد و هەزاران موشەكیان ئاراستەی ناوچەكانی ئەو وڵاتە كرد، كە بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكە زیاتر لە 100 کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون.
لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیلیش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی بۆ سەر كەرتی غەزە بەناوی “شمشێری ئاسنین” راگەیاند و دەیان موشەكی ئاراستەی ناوچەكانی ئەو كەرتە لە فەڵەستین كرد.