زووم:
بێریت ڕیس ئەندەرسۆن سەرۆکی لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، نێرگس محەمەدی چالاكوان و رۆژنامەنووسی ئێرانی، كە ئێستا لە تارانی پایتەخت زیندانییە، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا، ئەوەش بەهۆی “خەباتی لە پێناوی مافی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەكان”.
دەسەڵاتدارانی ئێران محەمەدییان لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا دەستگیرکرد، دوای ئەوەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانییەکی ناڕەزایەتییە توندوتیژەکانی ساڵی ٢٠١٩دا کرد.
محەمەدی مێژوویەکی دوور و درێژی لە زیندانیکردن و سزای توند هەیە، ئێستاش ساڵێكە لە زیندانەو چەند ساڵیشی ماوە، بۆ تەواوكردنی ماوەی زیندانییەكەی ئێستای.
محەممەدی بەر لە زیندانی کردنی جێگری سەرۆکی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بووە ، کە لە ئێران قەدەغە کراوە، هەروەها كەسێكی نزیک بوو لە شیرین عیبادی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران، کە ئەو ناوەندەی دامەزراند.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێک محەممدی گەنجێکی خوێندکار بوو لە كۆلیژی فیزیا لە زانكۆی تاران، وەک داکۆکیکارێک بۆ یەکسانی و مافەکانی ژنان دەركەوت، دوای تەواوکردنی خوێندنیش، لە چەندین ڕۆژنامەی ڕیفۆرمخوازدا وەک رۆژنامەنووس و نووسەر كاری كردووە.
ساڵی 2011 بۆ یەکەمجار دەستبەكراو سزای چەندین ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بەهۆی هەوڵەکانی بۆ یارمەتیدانی چالاکوانانی زیندانیکراو و بنەماڵەکانیان.
محەمەدی دوای دوو ساڵ و دوای ئازادبوونی بە دانانی بارمتە، دەستی کرد بە هەڵمەتێکی دژ بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان، كە چالاکییەکەی بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥دا دووبارە دەستگیر بکرێتەوە و سزای چەند ساڵێك زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت.
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ زیندان دەستیکرد بە دژایەتی کردنی ڕژیم لە “ئەشکەنجە و توندوتیژی سێکسی” بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی بە تایبەت ژنان، کە لە زیندانەکانی ئێراندا پراکتیزە دەکرێت، بەپێی ماڵپەڕی فەرمی خەڵاتی نۆبڵ.
محەمەدی لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی ئەندرێی ساخارۆڤی وەرگرت، لە ساڵی ٢٠٢٢شدا لە ماوەی پێنج خولەکدا دادگایی کرا و سزای هەشت ساڵ زیندانی و ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا.
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: پێدانی خەڵاتەکە بە محەمەدی تیشک دەخاتە سەر ئازایەتی و ئیرادەی ژنانی ئێرانی.
ئەلیزابێس ترۆسێل، وتەبێژی UNHCR لەو بارەوە رایگەیاند، ئێمە ئازایەتی و ئیرادەی ئەوانمان لە بەرامبەر تۆڵەسەندنەوە، تۆقاندن، توندوتیژی و دەستگیرکردندا بینیوە، بۆیە شیاوی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیە.
لای خۆیەوە هاوسەری محەمەدی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەو خەڵاتە خەباتی نێرگس بۆ مافەکانی مرۆڤ بەهێزتر دەکات.
وتیشی: ئەمە خەڵاتێکە بۆ ژنان و ژیان و بزووتنەوەی ئازادی و بۆ گەلی ئێران و چالاکانی مافی مرۆڤ.
خەڵاتی نۆبڵ بەهای 11 ملیۆن کرۆنی سویدی (نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار)ە دەخەمڵێنرێت و لە چەند بوارێك دەبەخشرێت، كە براوەکان لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا میدالیای زێڕی عەیار ١٨ و بڕوانامە وەردەگرن.