41
هەییام یاسرى، وەزیرى پەیوەندییەکانى عێراق رایگەیاند، کارتى مۆبایل هەرزان دەکەن و نرخەکەى وەکو پێشترى لێدەکەنەوە.
وەزیرى پەیوەندییەکانى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، لە نزیکترین دانیشتنى ئەنجومەنى وەزیراندا، ئەو دۆسیەیە دەخاتەڕوو.
راشیگەیاندووە، لە پڕۆژەیاساى 2023 ئەم بابەتە جێگیر دەکەن، پێشئەوەى پەرلەمان دەنگى لەسەر بدات.
لە ساڵى 2015ەوە، نرخى کارتى مۆبایل لە عێراق و هەرێمى کوردستان گران کراوە و لەکاتى خۆیدا هۆکارەکەى بۆ ئەوە گەڕێندرایەوە کە حکومەتى عێراق لە بودجەى 2015 باجى بە رێژەى 20% خستە سەر ھەر سێ کۆمپانیای گەیاندنی (کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیاسیڵ و زەین) کە هەر سێ کۆمپانیا لە سەرانسەری عێراق مۆڵەتى کارکردنیان هەیە.
هەر لەو کاتەدا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتى هەرێم رایگەیاند، ئەم بڕیارە لە بەغدادەوە دەرچووە و لە هەرێمى کوردستانیش جێبەجێدەکرێت، بۆیە چاوەڕێدەکرێت هەر بڕیارێک لەبارەى نرخى کارتى مۆبایلەوە بدرێت، هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.