زووم:
لەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای توركیا لە 24 سەعاتی رابردوو لە ناوچەكانی رۆژئاڤای كوردستان و باكووری ئەنجامیدا 40 شوێن بە ئامانگیراوە و هێرشەكانیش بەردەوامی هەیە.
كەناڵی حوڕە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ کەسێک کوژراوە، ئەوەش لەئەنجامی هێرش بۆ سەر بنکەیەکی نەوتی لە لەناو شارۆچکەی قەحتانیە لە باكووری رۆژئاوای سوریا.
كەناڵەكە بڵاویشیكردەوە، هەر ئەمڕۆ هێرشی تر كراوەتە سەر چەند وێستگەیەكی سووتەمەنی لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاڤای كوردستان و باكووری رۆژئاوای سوریا، بەڵام وردەكاری زیانەكانی ئەو هێرشانەی نەخستووەتەڕوو.
هەروەها بڵاویكردەوە، لەئەنجامی بۆردومانی ناوچەیەكی گوندی خربەت خووی لە قەزای عامودە لەسەر سنووری سوریا و تورکیا، دوو کەس بەسەختی برینداربوون.
لەلایەكی تر چەند وێنەیەك بڵاوكرایەوە، كە وێنەكان دەریدەخەت هێرشكراوەتە سەر وێستگەکانی کارەبای گوندی تەقل بەکل لە ڕۆژهەڵاتی مالیکییە و وێستگەی کارەبای سیکرکا دارۆ لە قەزای مەعبادە.
تۆڕە هەواڵییە ناوخۆییەکانیش باس لەوە دەکەن، چەند گوندێک و شوێنی بیناسازی سەربازی و کارگەیەکی سەهۆڵ لە قامیشلۆش لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومان كراون.
هەروەها بۆردومانەکەی تورکیا چەند گوندێکی کۆبانیشی گرتووەتەوەو تا ئێستا زانیاری ورد لەبارەی هێرشەكانی و زیانەكانی نەزانراون.
شایەتحاڵان باسیان لەوە کردووە، گوندەکانی باکووری مەنبەج بە چەکی قورس لەلایەن هێزەکانی تورکیا و هێزە سەربازییەكانی سەر بەو وڵاتە هێرشیان کراوەتە سەر، هەورەها هێزەکانی تورکیا بە چەکی قورس چەند گوندێکی شاری عەفرینیشیان کردووەتە ئامانج.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 11 کەس کوژراون و 10 کەسیش برینداربوون لە هێرشەکانی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە باکووری ئەو وڵاتە، بەڵام تائێستا هیچ ئامارێكی فەرمی لەبارەی هێرشەكانی ئەمڕۆ نەخراوەتەڕوو.