زووم:
هێشتا بابەتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەكەی سەرکردەی گروپی سەربازی تایبەتی ڕوسی “ڤاگنەر” یەڤگینی پریگۆژین و هەندێک لە هاوکارە نزیکەکانی رووننییە، كە لە كاتی رووداوەكە قسە و باسی زۆر لەسەر كراو چوار سیناریۆش بۆ ئەو بابەتە خرایەڕوو، بەڵام لە نوێترین پێشهاتدا، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی روسیا باسی سیناریۆیەكی تری كرد، كە بە “سیناریۆی پێنجەم” ناودەبرێت.
رۆژی 23ی ئابی رابردوو، سەرکردەی ڤاگنەر، كە لەناو فڕۆکەیەكی بازرگانی تایبەتی جۆری ئیمبرار ١٣٥ بوو، لەگەڵ ٩ کەسی دیكە، كە لەنێویاندا ٦ هاوڕێی نزیكی هەبوون، لەوانە یاریدەدەرەکەی دیمیتری ئوتکین گیانیان لەدەستدا.
فەرماندەی گروپی ڤاگنەر یەڤگینی پریگۆژین، دیمیتری ئوتکین، یەڤگینی ماکاریان، سێرگی پرۆبوستین، ئەلێکساندەر تۆتمین، ڤالێری چیکالۆڤ و نیکۆلای ماتوسێڤ دیارترین ئەو كەسانەبوون، كە لەناو فڕۆکەکەدا بوون، كە سەرجەمیان لە رووداوەكە گیانیان لەدەستدا، ئەمە جگە لە گیانلەدەستدانی لێڤشین ئەلێکسی و کەریمۆڤ ڕوستان و کریستینا ڕاسپۆپۆڤا، كە تیمی فڕۆكەوانی بوون.
فڕۆکەکە لە مۆسکۆوە بەرەو سانت پترسبۆرگ دەڕۆیشت و لە ئاسمانی ناوچەی تڤێر نزیک مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا کەوتە خوارەوە.
هەرچەندە وردەکارییەکانی ئەوەی، کە بەڕاستی چی ڕوویداوە تا ئێستا ناڕوونە و قسە و پرسیار زۆر لەبارەیەوە دەكرێت، بەوەی ئایا ڕووداوەکە بەڕێکەوت بووە، یان کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوەو كوشتن.
پێشتر و ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوام بوون، سەرچاوە ڕووسییەکان ٤ گریمانە، یان سیناریۆیان بۆ کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پریگۆژین خستەڕوو، كە بریتین بوون لە:
سیناریۆی یەکەم:
لەم سیناریۆیەدا شارەزایان پێیانوایە، کە فڕۆکەکە بە دوو مووشەکی ئێس ٣٠٠ خراوەتە خوارەوە، بەو پێیەی کۆمپلێکسی دژە فڕۆکە لە نزیک تیڤەر هەیە، کە فڕۆکەکە لێی کەوتووەتە خوارەوە.
سیناریۆی دووەم:
سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لەوە دەكرد، مادەی تەقینەوە لەناو فڕۆكەكەدا هەبووەو ئەو مادانە تەقیونەتەوەو بەو هۆیەشەوە فڕۆكەكە كەوتووەتە خوارەوە.
سیناریۆی سێیەم:
زانیاری سەرەتایی ئاشکرایان کردبوو، کە تەقینەوەیەک لە یەکێک لە ژوورەکانی فڕۆکەکە لە هەوادا ڕوویداوە و لە ئەنجامدا یەکێک لە باڵەکانی فڕۆکەکە تێكشكاوە، ئەوەش لە رێگەی بۆمبێكی چێنراوەوە بووە، كە پێش فڕینی لە فڕۆكەكە دانراوە.
سیناریۆی چوارەم:
ئەم سیناریۆیە دوای ئەو هەواڵانە هات، کە فڕۆکەی ئێمبرایر ١٣٥ لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا پێش کۆتا گەشتەکەی كێشەی تەكنیكی هەبووەو چاكراوەتەوەو گوایە هەر بەهۆی ئەو كێشانەوە كەوتووەتە خوارەوە.
سیناریۆی پێنجەم: تەقینەوەی نارنجۆکێک
ئەم سیناریۆیە پێشتر باسنەكرابوو، بەڵام سەرۆکی ڕووسیا رۆژی پێنجشەممە پشتڕاستیکردەوە، کە “پارچەی نارنجۆکێکی دەستی” لە تەرمی قوربانیانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی پریگۆژین دۆزراوەتەوە.
پوتین ڕەتیکردەوە فڕۆکەکە کەوتبێتە ژێر “کاریگەری دەرەکی” و بەهۆی رووداوێكەوە كەوتبێتە خوارەوە و ئاشكراشیكرد، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی ڕادەست کردم، پارچە نارنجۆکێک لە تەرمی قوربانیانی کارەساتی ئاسمانی دۆزرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ پشکنینێک بۆ دەستنیشانکردنی بوونی مادەی هۆشبەر یان کحول لە تەرمی قوربانیانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا نەکراوە.