زووم:
ماوەی شەش مانگە پێكدادانی سەربازی هەردوو عەشیرەتی ئال عومەر و ئەل رەمیزە لە قەزای ئیسلاح لە پارێزگای زیقار لەسەر پۆستێكی فەیسبووك دەستیپێكردووە و تائێستا بەردەوامە، چەندین کەسیش لە هەردوولا کوژراون.
پێكدادان و شەڕی ئەو دوو عەشیرەتە شیعەیە گەیشتووەتە ئاستێك، حكومەت دەستەوەستانە لە بەرانبەری و وای لێهاتووە، دەسەڵاتی باڵای ئاینی شیعەكان لە نەجەف دەستپێشخەری بۆ چارەسەری كردووە.
مانگی نیسانی رابردوو شەڕ و پێكدادانی ئەو دوو عەشیرەتە، لەسەر پۆستێکی فەیسبووک دەستیپێکرد، پاشئەوەی كەسێكی دانیشتووی قەزای ئیسلاح لە عەشیرەتی عومەر رەخنە لە قایمقامی قەزاكە دەگرێت، بەوەی خزمەتگوزاری پێویستی پێشكەش بە شارەكە نەكردووە.
بەهۆی ئەو رەخنەیەوە، گروپێکی سەربە عەشیرەتی قایمقام، كە عەشیرەتی رەمیزە هێرشیان کردە سەر ئەو کەسە و لێیاندا، دوای ئەوە ناکۆکی دروست بوو، تا ئەوەی ناكۆكییەكە بوو بە ململانێی چەكداریی و تائێستاش بەردەوامی هەیە.
هێرشكردنەسەر ئەو كەسەی رەخنەی لە قایمقام گرتبوو، بووە هۆی تووڕەیی عەشیرەتەكەی، بەوەش ململانێكە زیاتر پەرەیسەند و خوێن کەوتە نێوانیانەوە، تائێستا شەش كەس لە هەردوو عەشیرەت كوژراون.
ئەو شەڕو ململانێیە بووە هۆی ئەوەی چەند جارێك دەسەڵاتی ئەمنی لە ناوچەكە دەستوەردان بكەن، بەڵام دەستوەردانەكان نەیانتوانی ململانێ سەربازییەكانی ئەو دوو عەشیرەتە لە زیقار بوەستێنێت.
دواجار دەسەڵاتی ئایینی نەجەف دەستوەردانی كرد و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق، نامەیەكی ئاراستەی هەردوو عەشیرەتەكە كردو عەشیرەتەكانیش، ئامادەیی خۆیان بۆ قبووڵكردنی دەستپێشخەرییەكەو چارەسەری كێشەكان نیشاندا.
شێخ واتیق زەرکانی، یەکێک لە شێخەکانی پارێزگای زیقار، هیوای خواست ئەو نێوەنگیری ئاینییەو دەستێوەردانی دەسەڵات ڕۆڵێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بگێڕێت.
زەرکانی داوای لە شێخەکانی عەشیرەتەکانیش کرد، بە مەبەستی وەستاندنی خوێنڕشتن، لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینی و هێزە ئەمنییەکان بچنە پێشەوەو كۆتایی بە كێشەكان بهێنن.
لەماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتی خۆجێی لە زیقار توانیانە 120 ناکۆکی عەشایەری یەکلاییبکەنەوە، لەکاتێکدا 10 ناكۆكی بەردەوامی هەیەو تا ئێستا چارەسەر نەکراون، ئەمەش مانای ئەوەیە، پارێزگاکە مانگانە لانیکەم ١٥ ململانێی عەشایەری تێیدا روودەدات لە پارێزگاکانی دیکەی دراوسێی ئەو پارێزگایەش وەک بەسرە و میسان ئەو جۆرە ململانێیانە هەیە.