زووم:
24 كاتژێر بەسەر هەڕەشەی وەزیرانی دەرەوەو بەرگری توركیا تێنەپەڕی، سوپای ئەو وڵاتە دەستی بە ئۆپەرسیۆنێكی سەربازی فراوان بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاڤای كوردستان كرد.
ئۆپەرسیۆنەكەی سوپای توركیا دوای پێنج رۆژ لە هێرشە خۆكوژییەكەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی توركیا بوو لە ئەنقەرە، كە لەو بارەوە بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، هێرشەكە دوو كەس ئەنجامیانداوەو ئەندامی پارتی كرێكاران بوون و لە رۆژئاڤای كوردستانەوە هاتوونەتە توركیا.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و یاشار گولەر وەزیری بەرگری توركیا رۆژی چوار شەممە هەڕەشەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ سەر پێگەو بارەگاكانی گەریلاو شەرڤانان لە هەرێم و رۆژئاڤای كوردستان كرد.
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا دوای كەمتر لە 24 سەعات لەو هەڕەشانە دەستیپێكردو لەو چوارچێوەیەش، ئەمڕۆ سوپای ئەو وڵاتە چەند هێرشێكی لە رۆژئاڤا و هەرێمی كوردستانیش ئەنجامدا.
دەربارەی ژمارەی قوربانییەکان، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە بەیانی ئەمرۆوە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان دەستیپێکردووە و شەش پێگەی جیاواز بۆردوومان کراوە، چواریان لە شاری حەسەکە بووە بۆ سەر پێگەکانی هەسەدە، پێنجەم هێرشیش لە عامودا و شەشەمیش لە قامیشلۆ بووە ،کە هێشتا ژمارەی تەواوی قوربانییەکان نەزانراوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ راشیگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، درۆنێکی توركیان لە رۆژئاڤا خستووەتە خوارەوە، كە لە جۆری بەیرەقدار
دەربارەی هەرێمی کوردستانیش، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیان،د 58 پێگەی پارتی کرێکارانیان بۆردوومان کردووە، كە تائێستا زیانی ئەو هێرشانەش نەزاندراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لەم چەند رۆژەدا عێراق ئیدانەی هێرشەکانی تورکیای کرد و ئەمرۆش وەزیری بەرگری عێراق سەردانی تورکیای کرد، کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بابەتی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و پێشێلکاری سەروەریەکەیەتی.
هاوكات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەكان، چەند رۆژێكە لە ناوخۆی تورکیاش هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەندامانی پارتی كرێكاران بەردەوامەو هەر ئەمرۆ 24 کەسی دیکە بەتۆمەتی پەیوەندییان بە پارتی کرێکاران دەستگیرکراون، بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوان لە تورکیا و باکوری کوردستان گەیشتە 93 کەس بەگومانی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.