لە سەرەتاوە تا کۆتایی کۆنگرە بارزانی رووی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بوو
لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەکە و رۆژی کۆتایدا بارزانی دوو جار لە گوتارەکەیدا پەیامی ئاراستەی هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروو بارزانی کرد.
رەنگە پەرۆشی بارزانی بۆ یەکگرتووی برازکەی و کورەکەی کە ئێستا هەردوکیان جێگری سەرۆکی پارتین، لە خۆرا نەبێت و درکی بەشتێک کردبێت.
بارزانی لە زاری خۆییەوە دەڵێت، لایەن و کەسانی دیکە چاوەڕوانی لەت لەتبوونی پارتین، ئەم گوتەی بارزانی و رەخنەی ئەو کەسانەی دەرەوەی پارتی ئەوە دەگەیەنێت، کە دوو جەمسەرییەک لە خوار بارزانییەوە شۆڕبوتەوە ، بەڵام بارزانی خۆی خاڵی کۆکەرەوەی ئەو دوو جەمسەرەیە کە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکەن.
کۆنگرەی پارتی جگە لە گوتەکانی بارزانی و داواکارییەکانی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەرئەنجامی دیکەی هەبوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زووم، بەسەرۆک و جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی، هەشت کەسی بارزانی لەناوەندی بڕیاری حزبەکەدان.
کە ئەوانیش
مەسعود بارزانی
نێچیرڤان بارزانی
مەسرور بارزانی
سیداد بارزانی
سیروان بارزانی
دڵشاد شەهاب بارزانی
رێبەر ئەحمەد بارزانی
عەبدولموهەیمەن بارزانی
هەروەها لە کۆیی 51 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو، تەنها 22یان کادری تازەن و ئەوانی دیکە کە ژمارەیان 29 ئەندامە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی سەکردایەتی پارتی بوون.
پێکهاتەی ئێستا کۆمیتەی ناوەندیی پارتی نزیکەی لە سەدا چواردەی لە ژنان پێکدێن.
هەروەها سەرۆکایەتی پارتی و کۆمیتەی ناوەندی حزبەکە نزیکەی لە سەدا پازدەی بارزانین.
نیل و سەوزەکانی پێشوو نەچوونە کۆمیتەی سەرکردایەتی
گۆشەیەکی دیکەی کۆنگرەی چواردی پارتی، ئەو کاندیدانە بوون کە پێشتر لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی کوردستان بەرپرسیارێتیان هەبووە.
ئەوانیش( رێباز حەملان، محەمەد حاجی، مەسعود حەیدەر) کە پێشتر ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بوون و کاندیی بارەگای بارزانی بوون بۆ سەرکردایەتی، بەڵام دەرنەچوون و نەبوونە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.
هەروەها عارف روشدی کە پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی یەكێتی بووچانسی ئەوەی پێنەدرا ببێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.