ئەحمەد سەلمان ڕوشدى ناسراو بە سەلمان ڕوشدى (لەدایکبووى ١٩٤٧) نوسەر و وتارنوسێکى بەریتانى-ئەمریکیی بەڕەچەڵەک هندییە. ئەو لەبنەڕەتدا لە خێزانێکى مسوڵمان هاتووەتەدونیاوە بۆ ئەوەى بەر مەترسیی هندۆکان نەکەون سەرەتا کۆچدەکەن بۆ پاکستان و دواییش بۆ بەریتانیا. لە ساڵى ١٩٦٨ بڕوانامەى مێژوو لە کامبریج بەدەستدێنێت. لە ساڵى ٢٠٠٠یشەوە نیشتەجێى ئەمریکایە. ئەو زیاتر وەک ڕۆماننوس ناسراوە. بەتایبەت چەند ڕۆمانێک لە ساڵانى هەشتاى سەدەى ڕابردوودا؛ بەتایبەتیش ڕۆمانێکى وەک “مناڵانى نیوەشەو” کە ساڵى ١٩٨١ بڵاویدەکاتەوە و ناوەڕۆکەکەى تایبەتە بە کۆڵۆنیاڵیزمى ئینگڵیز لە هندستان. ستایلى گێڕانەوەى ئەم ڕۆمانە ڕیالیزمى جادووییە واتە تێکەڵکردنى ڕەهەندەکانى واقیعە بە جۆرێک خەیاڵى ڕووت. لە کارەکانى ئەودا هاوکات ڕەگەزەکانى وەک تەوس (تەنز)یش بەتۆخى بەدیدەکرێت و خۆیشى کەسایەتییەکى کەمتازۆر قۆشمەیە.
بەڵام سەلمان ڕوشدى بە کارێکى گەورەتر ناسراوە بەناوى ئایەتە شەیتانییەکان (The Satanic Verses) کە ساڵى ١٩٨٨ بڵاویدەکاتەوە. ناوبانگى ڕوشدى پتر بۆ ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە. ئەویش لەو ڕووەوە کە چەند ڕاستییەکى لە ژیانى پەیامبەرى ئیسلام (ئایەتەکانى غەرانیق کە گوایە لە زارى شەیتانەوە دابەزێنراون) وەرگرتووە و تێکەڵ بە خەیاڵى ئەدەبیی کردووە و ئەمەش بەدحاڵیبوون و دەمارگیریی مسوڵمانانى جیهانى ورووژاندووە. بەتایبەت کاتێک “ئایەتوڵا خومەینى” فەتواى کوشتنى بۆ نوسەرى ڕۆمانەکە دەرکرد و ئەمەش ناوى سەلمان ڕوشدیی بە جیهاندا پتر بڵاوکردەوە. سی ساڵ زیاتر ئەم فەتوایە کاردەکات و فەتواکەش تازەکراوەتەوە و چەندین بڕە پارە بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە بتوانن ئەو بکوژن. خومەینى لە فەتواکەیدا دەڵێت: «مسوڵمانى بەغیرەتى سەرانسەرى جیهان ئاگاداردەکەمەوە کە نوسەرى کتێبى “ئایەتە شەیتانییەکان” کە دژى ئیسلام و پەیامبەر و قورئان نوسراوە و چاپ و بڵاوکراوەتەوە و ئەو وەشانخانانەشى کە ئاگادارى ناوەڕۆکى کتێبەکەن مەحکومن بە لەناوچوون. داوا لە مسوڵمانە بەغیرەتەکان دەکەم لە هەرکوێ دەستیان کەوتن دەسبەجێ لەناویان ببەن بۆ ئەوەى چیتر کەس نەوێرێت سووکایەتى بە پیرۆزییەکانى مسوڵمانان بکات و هەرکەس لەو پێناوەدا بکوژرێت شەهیدە…». شیاوى باسە وەرگێڕى یابانیی کتێبەکە لە سێبەرى کاریگەریی ئەم فەتوایەدا لە ساڵى ١٩٩١ تیرۆرکرا. دواتریش وەرگێڕى ئیتالى و نەرویجى لە هەوڵى تیرۆرکردن ڕزگاریانبوو. لەدواى فەتواکەوە دەوڵەتى بەریتانیا ڕێکاری ئەمنیی توندى بۆ پاراستنى ژیانى سەلمان ڕوشدى گرتەبەر.
سەلمان ڕوشدى چەندین خەڵانى گرنگى بەدەستهێناوە: خەڵاتى مان بووکەر (man booker) وایت بۆرد (دوو جار) خەڵاتى جێمس جوێس خەسڵاتى قەڵەمى زێڕین. ساڵى ٢٠٠٧یش لە پاى خزمەتکردنى بە ئەدەبیاتى ئینگڵیز شاژنى بەریتانیا نیشانەى “شاسوارى”ـى بەخشییە ڕوشدى. هەر ئەودەم ئەم ناونیشانە دەسەڵاتدارانى سیاسى و کەلتوریی ئێرانى تووڕەکرد. ڕوشدى سى ساڵ لەنێوان مان و نەمان ترس و دڵەڕاوکێ خۆشاردنەوە و بڵاوکردنەوەدا ژیاوە. ئەم مەرتسییە نەبووە هۆى ئەوەى کە ئەو لە کارى ئەدەبى بوەستێت. خۆى لە گفتوگۆیەکى ئەو دواییەدا دەڵێت «فەتواکە گەرچى منیشى نەکوشتایە دەیتوانى دەروونم خاپوربکات. بۆ نمونە بمگۆڕێت بۆ نوسەرى “کتێبە ترسناکەکان”…یان بمگۆڕێت بۆ “کتێبەکانى ژانرى تۆڵەسەندنەوە” و هێرشم بکردایەتە سەر ئەو کەسانە کە هێرشیانکردە سەرم…». بەڵام ڕوشدى ئاراستەیەکى تر دەگرێتەبەر و لە درێژەدا دەڵێت «تاکە ڕێیەک خۆمى لەو ڕووداوە پێ ڕزگاربکەم ئەوە بوو هەوڵبدەم ببمە نوسەرێک کە هەمیشە دەمویست ببم و کاتێکیش پێنج کتێبت نوسى ئیتر بەگشتى دەزانیت چ جۆرە نوسەرێکیت. بە خۆمم وت: بەم ڕێیەدا دەڕۆم و ناهێڵم کەس بە لاڕێمدا ببات». ژیانە پڕمەترسییەکەى ڕوشدى ئەوى نەگۆڕى بۆ کەسێک تووشى نەخۆشیی “پارانۆیا” ببێت؛ بەڵکو ئەو دۆخەى گۆڕى بۆ ئەفراندنى ئەدەبى. هاوکات بەمە ئاشکرایە کە سزاى سیاسی بۆ سەر نوسەرێک ]دۆخێکى هەروا ئاسایی نیە. دەوڵەتێک بەشوێنتەوەیە بە ملیۆنان مسوڵمانەوە کە کتێبەکەشیان نەخوێندۆتەوە یان نایانەوێت هەر بیخوێننەوە. مەترسییەک کە لە هەموو جێیەکە قورستریشە لەو سزا کۆنەى سەدەکانى پێشوو کە خەڵکانى وەک سپێنۆزا یان ئیبن ڕوشد یان گالیلۆ ئەزموونیاندەکرد چونکە ئەودەم دەوڵەت و ئامرازەکانى دەستى بەم ێوەیەى ئێستا پەلى بۆ هەموو جێیەک نەکوتابوو.
ئەوەى بەشێوەیەکى سەیر خەمى سەلمان ڕوشدیی سووککردووە ئەم هێرشەى کۆتایی بوو کە بەهۆیەوە چاوێکى لەدەستدا و دەستێکیشى زیانى پێ گەیشتووە. ئەو کە لە بۆنەیەکى ئەدەبی لە ئەمریکا وتارى دەخوێندەوە گەنجێکى لوبنانیى نیشتەێى ویلایەتى نیوجەرسیى ٢٤ ساڵە بەناوى “هادى مەتەر” چووە سەر سەکۆکە و پەلامارى ڕوشدیی دا. ڕوشدى دەڵێت “تا بەم شێوەیە هێرش نەکرایە سەر خۆم نەیانزانى بەڕاستى ژیانم لە مەترسى دا بووە…خەڵک دواى چەقۆکان هاوسۆز بوونەوە”. ئەو کە ئێستا گەڕاوەتەوە سەر کارى ئەدەبى و بڕیارە کراێکى نوێ بڵاوبکاتەوە بەپێداگرییەوە دەڵێت: «من بێخوا (ئەتایست)م مناڵەکانیشم هێندەى من هەر بێخوان. خودایەک بوونى نیە و تا زووتر لەمە تێبگەیت باشترە».