زووم:
ڕاپۆرتێک ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا هەزاران جۆر چەک و تەقەمەنی دەستبەسەرداگیراوی ئێرانی دەگوازێتەوە بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش بە هەنگاوێکی “جیاواز” لە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا سەیردەكرێت.
ڕاپۆرتەکە تۆڕی سی ئێن ئێن بڵاویكردووەتەوەو ئاماژەی بەوە كردووە، کە ڕەنگە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە کەموکوڕییەكان، کە ڕووبەڕووی هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بووەتەوە، لەکاتێکدا چاوەڕێی پارە و کەرەستەی زیاتری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، پێشتر زیاتر لە یەک ملیۆن گولەی دەستبەسەرداگیراوی ئێرانی گواستووەتەوە بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاشیگەیاند، گواستنەوەکە ڕۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، حکومەتی ئەمریكا لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٣ خاوەنداری ئەم تەقەمەنیانەی بەدەستهێناوە، لەڕێگەی داواکارییەکانی دەستبەسەرداگرتنی مەدەنی، کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە دژی سوپای پاسداران تۆمارکراوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ڕایگەیاند، هەوڵدەدات خاوەنداری زیاتر لە 9000 تفەنگ و 284 دۆشکە و نزیکەی 194 موشەک هەڵگر و زیاتر لە 70 مووشەکی دژە تانک و زیاتر لە 700 هەزار گولە بەدەستبهێنێت، کە پێشتر لەلایەن سوپای ئەمریكاوە دەستی بەسەردا گیراوەو هی هێزی دەریایی ئێران بووە.
ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا چەند مانگێک لێکۆڵینەوەی لە چۆنییەتی ناردنی چەکی دەستبەسەرداگیراوی یاسایی كردووە، کە لە دامەزراوەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیراون.