زووم:
ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیە بە رێرەوێکی راستدا دەڕوات، هەڵوەشانەوەی یاری نێوان هەردوو یانەی ئیتیحادی سعودی و سەپاهانی ئێرانیش کاریگەری ناخاتە سەر ئەو پەیوەندییانە، کە سەرەتای ئەمساڵ بنیاتنرا.
یاری نێوان یانەی ئیتیحادی سعوودی و سەپاهانی ئێرانی، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لە قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، “بەهۆی بارودۆخێکی پێشبینی نەکراو” هەڵوەشایەوە، ئەوەش بەگوێرەی رەگەیەندراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا.
ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەک لە یانەی ئیتیحاد بڵاویكردبووەوە، کارگێڕانی یانە سعودییەکە بە بوونی پەیكەر و وێنەی ژەنەراڵی ئێرانی، قاسم سولەیمانی، لەناو ئەو یاریگایەی، کە بڕیاربوو یارییەکەی تێدا بەڕێوەبچێت نیگەران بوون، بۆیە نەچوونەتە یاریگاوە.
بەڵام یانە سعودیەکە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، چاودێرە تاجیکستانییەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا “ئیسلامۆڤ دافڵاماند” بە تیمەکەمانی راگەیاندووە، یاریەکە ئەنجام نادرێت و دەتوانن یاریگا بەجێبهێڵن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی “ئێرنا”ی ئێرانیش لەو بارەیەوە لێدوانی عەبدوڵڵاهیانی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت، لە سەروبەندی پێش رووداوەكان لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە”فەیسەڵ بن فەرحان”.
عەبدوڵڵاهیان دەشڵێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعودیە لەبەرەو پێشچووندایە، نابێت رێگا بدەین تۆپی پێ ببێت بە ئامڕازێکی سیاسی لە نێو دەستی هەر لایەکماندا.
وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا کرد “لە ڕووی هونەرییەوە” مامەڵە لەگەڵ یاریەکە بکات، ئاماژەی بەوەشکرد تاران و ریاز رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی بەروارێکی نوێ بۆ یارییەکە.
تاران و ریاز لە نیسانی ئەمساڵ و بە دەستپێشخەری پەکین رێککەوتنێکیان راگەیاند بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتر.
لەسەرەتای مانگی ئەیلولیش فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە رێککەوتنێکی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی واژووکرد بۆ ئەنجامدانی یاریەکانی نێوان سعودیە و ئێران لە پاڵەوانێتیە جیاوازەکان بەسیستەمی هاتن و چوون لە نێوان هەردوو وڵات.
لە سایەی ئەم رێککەوتنەش فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا رێگای دا بە ئەنجامدانی یاریەکانی نێوان یانەکانی سعودیە و ئێران لە خولی پاڵەوانەکانی ئاسیا بەسیستەمی هاتن و چوون.
لە 19ی ئەیلول، ئێران بۆ یەکەمجار دوای حەوت ساڵ میوانداری یانەیەکی سعودی کرد لەسەر خاکەکەی، کە لە یارییەکدا یانەی نەسری سعودی و کریستیانۆی پاڵەوانی سەرکەوتن بەسەر یانەی ئێرانی پێرسیپۆلیس بە ئەنجامی 2-سفر
هەڵوەشانەوەی یاریەکەی دووشەممە نەبووە هۆی وەستانی یاریەکی دیکەی نێوان سعودیە و ئێران، کە رۆژی سێشەممە لە گۆڕەپانی ئازادی ئەنجامدرا لە چوارچێوەی خولی پاڵەوانەکانی ئاسیا، کە بە بردنەوەی هیلالی سعودی و نەیماری ئەسترەی تەواو بوو بەرامبەر نەساجی مازندەران بە ئەنجامی 3-سفر.