زووم:
هێشتا وێنەکە سەبارەت بە ناسنامەی سەرۆکی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا روون نییە، دوای ئەوەی بە دەنگدان کیڤن مەکارسی سەرۆکی ئەنجوومەنەكە دوورخرایەوە.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی ٢٣٤ ساڵەی خۆیدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی ٢١٦ دەنگ بەرامبەر ٢١٠ دەنگ، لەدوای یاداشتێك كە لەلایەن باڵی ڕاستی پارتی کۆمارییەوە پێشنیارکرابوو، كیڤن مەكارسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
مەکارسی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو باڵی ڕاستی پارتەکەی لەخۆی تووڕەكرد، کاتێک هاوکاری دیموکراتەکانی کرد بۆ دەرکردنی بڕیارێك بۆ دابینكردنی بودجە بۆ حكومەتی ئەمریكا بۆ ماوەی 45 رۆژ، بۆ ئەوەی حكومەت لەكارنەكەوێت و تووشی شەدداون نەبێت.
هۆکاری توڕەیی راستڕەوەكان ئەوەیە، كە مەكارسی، دەرفەتی سەپاندنی کەمکردنەوەی بەرفراوانی بودجەی لە كۆمارییەكان تێكداوەو هاوكاری دیموكراتەكان بووە بۆ سەپاندنی خواستەكانیان.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە دەنگیدا بە دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، دواتر پاتریک مەکهێنری وەک سەرۆکی کاتی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستنیشانکرا.
هەشت ئەندامی باڵی ڕاسترەوی پارتی کۆمارییەکان توانیان مەكارسی لە پۆستەکەی دووربخەنەوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لەجێگەی نانسی پیلۆسی دەستبەكاربوو، كاتێك كۆمارییەكان بوونە زۆرینەی پەرلەمانی، بەڵام تائێستا شوێنگرەوەی هەمیشەیی دیارنییە، كە ئەو پۆستە هەر پشكی كۆمارییەكانە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، دەرکردنی مەكارسی دەرگا بەڕووی کێبڕکێیەکی بێوێنەو توند دەکاتەوە بۆ جێگرتنەوەی، ئەمەش ساڵێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
میدیاکانی ئەمریکا ناوی هەندێک لە کاندیدەکانیان بۆ جێگرتنەوەی مەكارسی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوکردەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی كۆمارییەكان یەكێك یەكلابكرێتەوە، كە دیارترینیان ئەمانەن:
ستیڤ سکالیس
تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ستیڤ سکالیس سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدوای پشتیوانیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات.
تۆڕەكە بە پشتبەستن بەچەند سەرچاوەیەك بڵاویشیكردەوە، سکالیس “لە پشت پەردەوە بانگەواز دەکات بۆ بەهێزکردنی پشتگیرییەکان”ی پێش ئەوەی لە چوارشەممەی داهاتوودا دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ ئەنجامبدرێت.
سکالیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا و سەر بە پارتی کۆمارییە، کە زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەیە.
جیم جۆردن
جیم جۆردن، كە کۆماریخوازێکی کۆنەپەرستی ئۆهایۆیە، بیر لە چوونە ناو کێبڕکێکە دەکاتەوەو دەیەوێت پۆستەكە وەربگرێت.
گۆڤاری “پۆلیتیکۆ”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، جۆردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە پارتی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆ دەکات و دەیەوێت پشتیوانییەكانیان بەدەست بهێنێت.
گۆڤارەكە بڵاویشیكردەوە، ڕەنگە هەندێک لە کۆمارییە ناوەندییەکان و ئەندامانی پلەدار بیرۆکەكەی قبووڵ نەكەن و رازی نەبن بە خۆكاندیكردنی جۆردن.
کیڤن هیرن
بەپێی هەواڵێکی پۆلیتیکۆ، کیڤن هیرن، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کۆمارییەکان، چانسی خۆی تاقیدەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئایا پێش کۆنفرانسی پارتەكەی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكەیان پشتگیریی هەیە یان نا، ئەوكات بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات.
هیرن لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ گەیشتە کۆنگرێس، لە کاتی کێبڕکێی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی یەکی رابردووش، ركابەرێكی مەكارسی بوو.
تۆم ئیمەر
ناوی نوێنەری ویلایەتی مینیسوتا، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، تۆم ئیمەر، وەک کاندیدێک دەهێنرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەن، تەنانەت پێش دەنگدان بۆ دوورخستنەوەی مەكارسیش باسی ئەو دەكرا، كە پۆستەكە وەربگرێت.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، یەكەم رۆژنامەبوو زانیاری ئەوەی بڵاوكردەوە، ئیمەر لە ڕیزی کاندیدەکانی كۆمارییەكانە بۆ شوێنگرەوەی مەكارسی، بەڵام ئیمەر لەو بارەوە وتی: چاوی لەسەر وەرگرتنی پۆستەكە نییە.