ئەو رۆژەى بە سەرۆک هەڵبژێردرا بە نەیارانى گوت، “باوکم هەمیشە پێی دەگوتم، گرنگ نییە چۆن دەستپێدەکەیت، گرنگ ئەوەیە چۆن کۆتایی پێدێنیت”. کیڤن مەکارسى، هەر لەسەرەتاوە کەوتە نێو دابەشبوونێکى ناوخۆیی کۆمارییەکانەوە، سەرەتاى ئەمساڵ، دواى 14 خولى دەنگدان و لە خولى 15هەمیندا دەنگى پێویستى بەدەستهێنا و بە 55 هەمین سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا هەڵبژێردرا.
هەڵبژاردنى لەنێو ئەو ناکۆکییە مێژووییەدا، هاوشێوەى لە سەدەى 18دا روویدابوو، بەڵام دوورخستنەوەى، لە مێژووى ئەمریکادا هاوشێوەى نییە. هەرچەندە لە ساڵانى 2010 و 2015 هەوڵى لەو شێوەیە هەبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
مات گایتز، نوێنەرى ویلایەتى فلۆریدایە و کەسێکى نزیکە لە دۆناڵد ترەمپ، ئەو یەکێک بوو لەوانەى هەر لە سەرەتاوە دژى مەکارسی بوو ببێت بە سەرۆک، کە پارتەکەى لە هەڵبژاردنى ساڵى رابردووى نیوەخولدا زۆرینەى ئەنجومەنەکەى بردەوە.
گایتز، هەمیشە لە دەرفەت دەگەڕا بۆ دوورخستنەوەى مەکارسى سەرۆکیی، ئەو رزگارکردنى ئیدارەى بایدنى لە پەککەوتن کردە بیانوویەک بۆ بەدیهێنانى خەونەکەى.
پێش چەند رۆژێک ئەنجومەنى نوێنەران یاسایەکى 45 رۆژى پەسەندکرد بۆ پارەدارکردنى حکومەت بۆ ئەوەى پەکى نەکەوێت. زۆێک لە کۆمارییەکان دژى بوون، بەڵام مەکارسى گوتى، ئەو مەترسییەم گرتەئەستۆ بۆ ئەوەی رێگە لە پەککەوتنى حکومەت بگرم لەپێناو گەلی ئەمریکادا.
لەنێو یاساکەدا بودجە بۆ هاوکاری ئۆکراین تەرخان نەکراوە، بەڵام بایدن گوتى، بەردەوام دەبین لە هاوکارییەکە و دڵنیام مەکارسیش چارەسەرى ئەوە دەکات.
گایتز ئەمەى قۆستەوە و سکاڵاى بۆ دوورخستنەوەى مەکارتى دەستپێکرد و تۆمەتباری کرد کە رێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ کۆشکی سپی کردووە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئۆکراین. گایتز و بەشێکى دیکەى کۆمارییەکان بە ئاشکرا دژى پێدانى هاوکارین بە ئۆکراین.
سەرئەنجام هەوڵى دووخستنەوەى مەکارتى خرایە دەنگدانەوە و بە 216 دەنگى بەڵێ بەرامبەر بە 210 دەنگى نەخێر لە پۆستەکەى دوورخرایەوە.
هەندێک لە کۆمارییەکان دژى دوورخستەنەوەى بوون، بەڵام هەشت ئەندامى دیموکراتەکان چوونە پاڵ کۆمارییەکان و مەکارسیان خست.
مەکارسی دواى دوورخستنەوەى گوتى، کەس تاوانبار ناکەم بە دوورخستنەوەم، چانسى خۆمم وەرگرت و لە کارەکانم رازیم، بەڵام دابەشبوونێکى راستەقینەوە و کێشەیەکى گەورە لە ئەنجومەنى نوێنەراندا هەیە. ئەو سکاڵایەش لەسەرم تۆمارکرا شەخسییە و پەیوەندى بە بودجەوە نییە.