زووم
یاری نێوان یانەی ئیتیحادی سعوودی و سەپاهانی ئێرانی، ڕۆژی دووشەممە، لە قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، “بەهۆی بارودۆخێکی پێشبینی نەکراو” هەڵوەشایەوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا رایگەیاندووە.
ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەک لە یانەی ئیتیحاد بڵاویكردووەتەوە، کارگێڕانی یانە سعودییە بە بوونی پەیكەر و وێنەی ژەنەراڵی ئێرانی، قاسم سولەیمانی، لەناو ئەو یاریگایەی، کە بڕیاربوو یارییەکەی تێدا بەڕێوەبچێت نیگەران بوون، بۆیە نەچوونەتە یاریگاوە.
لەلایەكی تر ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی لە زاری یانەی سەپاهانەوە بڵاویکردەوە، دوای بڕیارێکی ناوبژیوان، یارییەکە هەڵوەشایەوە و ئاشكراشیكرد، بەرپرسانی یانەكە رایانگەیاندووە، سکاڵایەک لەسەر ڕووداوەکە ئامادە دەکەین و دەیدەین بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا.
هاوكات یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویكردەوە، “یاریی خولی یانە پاڵەوانەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لە کۆمەڵەی سێ، کە بڕیار بوو ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە یاریگای نەقش جەهان لە ئیسفەهان، لە نێوان یانەی سەپاهانی ئێرانی و ئیتیحادی سعودی بەرێوەبچێت هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەش بەهۆی بارودۆخی پێشبینینەکراوەوە”.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی یاریزانان و بەرپرسان و هاندەران و سەرجەم لایەنەکانی یارییەکە کردووەو راشیگەیاندووە، ئەوەی لەو یاریگایە روویداوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.
لای خۆیەوە کەناڵی ئەلئەخباریەی سعودی دووپاتیکردەوە، کە یانەی ئیتیحاد وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو پەیکەرەی لەسەر یاریگا دانراوە، یاریگایان بەجێهێشتووە، هەروەها تیمی چاودێر و ناوبژیوانی یارییەکە داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کرد پەیکەر و وێنەكان و لافیتەكان لاببرێن، بەڵام بەرپرسانی یانە ئێرانییەكە ڕەتیانکردووەتەوە
كەناڵەكە بڵاویشیكردەوە، چاودێری AFC هەموو ئەو پێشێلکاریانەی تۆمارکردووە کە بوونەتە هۆی ئەنجامنەدانی یارییەكەو هەڵوەشانەوەی، كە ئەوانە هەمووی دەخرێتە بەردەم لیژنەی دیسپلین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.