زووم
سوپای تورکیا کە چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانی جەنگێکی خوێناویی، پشت بە بڕیارێکی پەرلەمانی وڵاتەکە دەبەستێت کە ساڵانە تازە دەکرێتەوە، سبەینێش جارێکی دیکە ئەم بڕیارە لە بەرنامەی کاری پەرلەماندایە.
دوێنێ پشووی هاوینەی پەرلەمانی تورکیا کۆتایی هات و وەرزێکی تازەی یاسادانانی خۆی دەستپێکرد، یەكەم كاری پەرلەمانی توركیا دەنگدان دەبێت لەسەر درێژكردنەوەی بڕیارێك، كە سهرۆكایهتی كۆماری توركیا پێشنیازی كردووە و تایبەتە بە ئهركی سوپا له دهرهوهی وڵات له ژمارهیهك له وڵاتانی جیهان لهنێویاندا عێراق و سووریا.
بەگوێرەی بڕیارەكە، كە ساڵانە لەلایەن پەرلەمانی توركیاوە درێژ دەكرێتەوە، سوپای ئەو وڵاتە درێژە بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لە سوریا و عێراق و چەند وڵاتێكی دیکە دەدات.
پرۆسە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی عێراق و سوریا، زیاتر ناوچەكانی هەرێم و رۆژئاڤای كوردستان دەگرێتەوە، كە ئامانجیش لێی بارەگا سەربازییەكانی گەریلاكانی پارتی كرێكاران و هێزەكانی سوریای دیموكراتە.
توركیا بە بیانووی بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكاران درێژە بە ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ سەر خاكی هەرێم و رۆژئاڤای كوردستان دەدات.
چەند رۆژێك پێش ئێستا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا هەڕەشەی بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەكەی لە هەرێمی کوردستان كردبوو. ئەو رایگەیاندبوو تەنیا لەمانگی ئەیلوولی رابردوو، 82 پێگەیان لە چیاکانی قەندیل و ئاسۆس و گارە و مەتین و زاب و خواکوڕک لە هەرێمی كوردستان بۆردومانکردووە.
چەند ساڵێكە هێرشەکانی تورکیا بووەتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئامارەکانی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی “سی پی تی” ئەمریکی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نۆ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە و شەش هاوڵاتی دیکەش برینداربوون. کە تازەترینیان 27ـی مانگی رابردووبوو کاتێک لە بۆردومانێکی فڕۆکە جەنەگییەکانی تورکیادا، لە گوندی بۆکریسکانی قەزای پشدەر، ژنێک گیانی لەدەستداو کەسێکی دیکەش برینداربوو.
جگە لە هەرێم لە رۆژئاڤای كوردستانیش رۆژانە ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا هەیەو دواین كردەوەی ئەو سوپایەش لەو ناوچەیە، دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) ئەنجامیداوە، كە ئەویش كوشتنی بەرپرسی ئاسایشی گشتی ئیدارەی خۆسەری بووە بەناوی موزدەلیف تاشکن.
پەرلەمانی توركیا ساڵی 2007 بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر خاكی عێراقدا، ساڵی 2012ش، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر خاكی سوریا بۆ بڕیارەكە زیادكرد، كە لەو ساڵانەوە پەرلەمان ئەو وادەیە درێژ دەكاتەوەو ئێستاش زۆربەی چاوەڕوانییەكان بۆ ئەوە لە كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی توركیا هەمان بڕیار درێژ بكرێتەوە.
بڕیارەكە پێویستی بە دەنگی 50 + 1ی پەرلەمانتارانی توركیایە، كە لە 600 ئەندام پێكدێت و بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانی كۆمار بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا زۆرینەی پەرلەمانن دەتوانن پێشنیازی درێژكردنەوەی بڕیارەكە تێپەڕێنن.