زووم:
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەتۆمەتی ساختەکاریی لەبواری بازرگانی، لە دادگایەکی نیویۆرک دادگایی کرا، ترەمپ تۆمەتەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند “ھۆکاری جوڵاندنی ئەم کەیسانە بەھۆی ئەوەیە کە لە ھەموو راپرسییەکاندا پێش بایدن و کاندیدە کۆمارییەکان کەوتووم”.
ترەمپ گوتیشی “ھیچ پێشێلکارییەک بوونی نییە، ھەروەھا لەم پرسەدا ھیچ قوربانییەک بوونی نییە”.
دۆناڵد ترەمپ هێرشی توندیشی کردە سەر دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا و گوتی “دادوەر و داواکاری گشتی گەندەڵن، وڵات پرە لە گەندەڵی و ئەمریکا سەرۆکێکی ھەیە کە ئاگای لێنییە چی روودەدات”.
لێتیا جێمیس، داواکاری گشتی نیویۆرک رایگەیاند “پەیامی من ئەوەیە کە کەس لەسەروی یاساوە نییە، ھەرچەندە ئەو کەسە خاوەن ھێز و سامان بێت”.
ھاوکات دادوەر ئارسەر ئینگۆر، ئاماژەی بەوە کرد، کە ترەمپ و ھەردوو کورەکە، تاوانی ساختەکاری داراییان ئەنجامداوە و سامانیان لە کۆمپانیەکەیان بە ناوی “ڕێکخراوی ترەمپ” بەشێوەیەک زیادی کردووە، لە 812 ملیۆن دۆلارەوە بووە بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار.
بەھۆی ئەم دۆسیەوە، ناتوانرێت ترەمپ زیندانی بکرێت، بەڵام رەنگە ببێتە لەمپەری یاسایی بۆ ئەوەی نەتوانێت خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 کاندیدبکات، بۆیە پارێزەرەکەی دەڵێت، “ھیچ پرسێک لە ئارادا نییە جگە لە دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکان”، دەشڵێت:” دیموکراتەکان باش دەزانن کە ترەمپ بە جیاوازییەکی زۆرەوە لە پێش جۆبایدنەوەیە”.