زووم:
ئەو بووک و زاوایەی، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیاندا تووشی کارەساتێک بوون، کە عێراقی هەژاند دەڵێن: ناتوانین بەردەوام بین لە ژیان.
زاوا، ڕێڤان (27 ساڵ )، بووک، حەنین (18 ساڵ) لە چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ كەناڵی “سكای نیوز عەرەبییە” ڕایانگەیاند، لەدوای ئاهەنگەكەیان هەست بە “مردن لە ناوەوە” دەکەن، ئەوەش بەهۆی ئەو كارەساتەی لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیان لە هەفتەی رابردوو لە قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا روویدا.
ڕێڤان ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە ١٥ ئەندامی خێزانەکەی لەدەستداوە، باسی لەوەش كرد، ئێستا هاوسەرەكەشی “ناتوانێت قسە بکات” دوای ئەوەی ١٠ کەس لە کەسوکاری لەدەستداوە، لەنێویاندا دایکی و براکەی، باری تەندروستی باوکیشی ناجێگیرە.
ئەوان باس لەوەش دەكەن، کارەساتەکە بەو مانایەیە، کە چیتر ناتوانن لە زێدی خۆیان بمێننەوە، بە گوتەی ڕێڤان: ئەوە تەواو یەكلابووەتەوە، ئێمە ناتوانین چیتر لێرە بژین”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەبەستم ئەوەیە هەر جارێک هەوڵدەدەین هەندێک دڵخۆشی بەدەستبهێنین، شتێکی کارەساتبار بەسەرمان دێت و خۆشبەختییەکان لەناو دەچێتەوە، بۆیە باشترە بۆ ئێمە بڕۆن”.
هەروەها بە دڵتەنگییەوە وتی: “ڕاستە ئێمە لێرە دانیشتووین بە زیندوویی.. بەڵام لە ناوەوە مردووین.. بێهێزین.. لە ناوەوە مردووین.”
ئەمە لەكاتێكدایە راپۆرتەكان و ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوی سووتانی هۆڵی ئاهەنگەكەی حەمدانییە لە هەفتەی رابردوو دەریانخستووە، یارییە ئاگرینەکان، کە لە کاتی سەمای ئەو دوو هاوسەرەدا داگیرسێنراون هۆکاری ئاگرەکە بوون، بەڵام ڕێڤان پێی وایە، ئاگرەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سەقفەوە دەستی پێکردووە.
ڕێڤان وتیشی: لەوانەیە شۆرتی كارەبا هەبووبێت، نازانم .. بەڵام ئاگرەکە لە سەقفەوە دەستیپێکرد، هەستمان بە گەرماکەی کرد، کاتێکیش گوێم لە دەنگێک بوو سەرم بەرز کردەوە و سەیری سەقفەکەم کرد، كە لەو كاتەدا بینیم سەقفەکە، كە بە تەواوی لە نایلۆن دروستکرابوو، دەستی کرد بە توانەوەی، كە ئەمە تەنیا چەند چرکەیەکی خایاند.
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی، کە دوای ماوەیەکی کەم لە کارەساتەکە بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە ئەو دوو هاوسەرە سەما دەکەن و پارچە مادەی سووتاو لە سەقفەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
ڕێڤان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ئەرکەکەی کرد بۆ یارمەتیدانی هاوسەرەکەی لەكاتی ئاگركەو وتی: بەهۆی جلی بووکێنیەوە نەیتوانیوە بە پێ بڕوات، بۆیە هاوسەرەكەم گرت و دەستمکرد بە ڕاکێشانی.
ڕێڤان ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا یەک ئاگرکوژێنەوە لە هۆڵەکەدا هەبووە، کە ئەویش كاری نەدەكرد، باسی لە چۆنیەتی پەرەسەندنی ئاگرەكەشی كرد و وتی: هێندە زوو تەشەنەی كرد، كەس نەیدەزانی چی روودەدات.
هاوكات ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی رووداوەكە راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکە گەیشتە 107 کوژراو، جگە لە 82 بریندار.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاشیگەیاند، سەقفی هۆڵی کۆنسێرتەکانی حەمدانییە بە کەرەستەی زۆر سووتێنەر داپۆشرابوو، هۆکاری سەرەکی ئاگرەکەش هەڵدانی یارییە ئاگرینەکان بووە لەناو هۆڵی کۆنسێرتەکەدا.