زووم:
حکومەتی ئەمریکا نزیک ببوەوە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی و پەککەوتنی، چونکە کۆمارییەکان تاوەکو شەوی رابردوو ئامادەنەبوون بودجە بۆ ئیدارەی بایدن دابین بکەن.
سەرئەنجام دوای مشتومڕ و ناکۆکییەکی چەند هەفتەیی هەردوو پارتە سەرەکییەکە؛ کۆمارییەکان و دیموکراتەکان گەیشتنە رێککەوتن و بایدنیان لە شەتداونی حکومەتەکەی رزگارکرد.
لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکادا لە ساڵی رابردوو، کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە، لەوکاتەوە دەتوانن بە دەنگەکانیان دەستی حکومەت ببەست، کە لای دیموکراتەکانی رکابەریانە. ئەگەریش لەگەڵ دیموکراتەکان رێنەکەوتنایە ئەمڕۆ حکومەت دەچووە قۆناغی پەککەوتنییەوە.
لە ئەمریکا ساڵی دارایی لە 1ـی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات، هێشتا بودجەی گشتی ساڵەکە پەسەندنەکراوە، حکومەتیش هیچ بودجەیەکی لەبەردەست نەبوو، بەبێ رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی نییە، بۆیە ئیدارەی بایدن و خەڵکیش ترسیان لە پەککەوتنی حکومەت و دابەشنەکردنی موچە لا دروستببوو.
ئەو یاسایەی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان شەوی رابردوو لەسەری رێککەوتن، بۆ ماوەی 45 رۆژ حکومەت پارەدار دەکات، واتە تا کاتی پەسەندکردنی بودجە.
بایدن دەستبەجێی واژۆی لەسەرکرد و پێشوازیی لەو هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و رەخنەی توندیشی لەو سیناتۆرانەی کۆمارییەکان گرت، کە لە دژی پەسەندکردنی یاساکە وەستانەوە.
ئەمریکا کە پشتیوانی سەرەکی ئۆکراینە لە جەنگەکەی دژ بە روسیا، لە یاسا 45 رۆژییەکەدا ئاماژە بە هیچ هاوکارییەکی وڵاتەکە بۆ ئۆکراین نەکراوە، بایدنیش دەڵێت، نابێت پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین کۆتایی پێبێت.
پێشبینیش دەکات کیڤن مەکارسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە پشکی کۆمارییەکانە پابەندبێت بە هاوکاریی و پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکراین.
ئەو دەڵێت، ناکرێت لەژێر هیچ بیانوویەکدا رێگەبدرێت هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین بوەستێنرێن.
میچ مکۆنێڵ، سیناتۆری کۆمارییەکان دەڵێت، زۆرینەی سیناتۆرە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران پابەندن بە هاوکارییکردنی هاوڕێکانمان لەبەرەکانی جەنگ و بە دڵنیاییەوە تا کۆتایی ئەمساڵ هاوکاریی دیکەی بەپەلە بۆ ئۆکراین لە ئەنجومەنی پیران پەسەند دەکرێت.