زووم:
زۆرێک لە زانایانی گەردوونناسی وازیان لەو پرسیارە هێناوە کە ئایا ژیان لە دەرەوەی هەسارەی زەوی بوونی هەیە یاخود نا،.. ئێستا پرسیارەکە گۆڕاوە بەوەی ئایا کەی ژیان لە دەرەوەی زەوی دەدۆزینەوە؟
زانایان هیچ گومانێکیان لەوە نەماوە کە مرۆڤ لەم گەردوونەدا بەتەنها ناژیت، بەڵکو بوونەوەری دیکەش لەسەر هەسارەی دیکە هەن، ئاشکرابوونی ئەم راستیەش “تەنها لەسەر کات وەستاوە”.
دواجار تەلیسکۆبی بۆشایی ئاسمانی “جەیمس وێب” چەند ئاماژەیەکی دەرخست لەبارەی ئەگەری بوونی ژیان لە هەسارەیەکی دیکەی دەرەوەی سیستمی خۆر.
زۆر کەس ئومێدیان لەسەر ئەم هەوڵەی جەیمس وێب بنیادناوە کە لە چەند ساڵی داهاتوو ژیان لە دەرەوەی هەسارەی زەوی بدۆزرێتەوە، تەنانەت یەکێک لە زاناکان کە ئەرکی لە هەسارەی “موشتەری” پێسپێردراوە دەڵێت، پێم سەیرە ئەگەر بڵێن لە چینە سەهۆڵییەکانی موشتەری ئەگەری ژیان کردن نییە.
پرۆفیسۆر کاترین هیمانز، زانای گەردوونناسی سکۆتلەندی دەڵێت، ئێمە لە گەردوونێکی بێکۆتادا دەژین، ژمارەیەکی بێکۆتاش ئەستێرە و هەسارە لەخۆدەگرێت. ئەو دەڵێت، ئێمە ناتوانین بڵێین ژیانی سەر زەوی تاکە ژیانە لە گەردووندا، ئێستاش تەکنەلۆژیایەکی وامان هەیە دەتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە کە ئایا ئێمەی مرۆڤ بەتەنهاین لەم گەردوونەدا یاخود نا.
مانگی رابردوو یەکەم تروسکایی بۆ ئەم دۆزینەوەیە دەرکەوت، ئەویش دۆزینەوەی گازێک بوو کە زیندەوەرە دەریاییەکان لەسەر زەوی دەریدەدەن، ئەمیش لە بەرگە هەوای هەسارەیەک بە ناوی K2-18b کە 8 هێندەی زەوی گەورەیە و 120 ساڵی رووناکی لێمان دوورە.
ئەم هەسارەیە دەکەوێتە ناوچەیەکەوە پێی دەوترێت “ناوەند” ئەمیش مەبەست لەوەیە هەسارەکە دوورییەکی هەیە لە ئەستێرەکەیەوە کە پلەی گەرمییەکەی نە زۆر گەرمە نە زۆر ساردە، ئەمەش گرنگە بۆ بوونی ئاوی شل کە هۆکاری سەرەکی بوونی ژیانە. تیمی لێکۆڵەر دەڵێت تا ماوەی ساڵێکی دیکە دەتوانین لەم ئاماژەیە دڵنیا ببینەوە.
پرۆفیسۆر نیکۆ مادهۆسۆدان لە پەیمانگای زانستی بۆشایی ئاسمان لە زانکۆی کامبریدج کە سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەکات دەڵێت، دڵنیابوونەوە لەم نیشانانە رێگای بیرکردنەوەمان دەگۆڕێت دەربارەی گەڕان بەدوای ژیان.
پرۆفیسۆرەکە دەڵێت، بە دۆزینەوەی ئاماژەکانی ژیان لەسەر هەسارەیەک، ئەگەری بەربڵاوی و فرە ژیانی لە گەردووندا زیاددەکات.
تێلیسکۆبی جەیمس وێب ئێستا ناتوانێت هەسارە هاوشێوەکانی زەوی بدۆزێتەوە بەهۆی نزیکیان لە ئەستێرەکەیان و درەوشانەوە. بەڵام ناسا بەنیازە تەلیسکۆبێکی دژەخۆر لە سییەکانی ئەم سەدەیە دروستبکات و بینێرێت، کە درەوشانەوەی ئەستێرەکان کەمدەکاتەوە و دەتوانێت لێکۆڵینەوە لەو هەسارانە بکات کە هاوشێوەی زەوین.