زووم
هەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا لە کارنامەی هەردوو بلۆکەکەی تورکیادابوو، پێش هەڵبژاردنی مانگی ئایار، لەلایەک ئۆپۆزسیۆن پرۆژەی هەموارەکەی ئامادەکردبوو، لەلایەکیش دەسەڵات، دەسەڵات سەرکەوتەوە و ئێستا دەیەوێت دەستور هەموار بکاتەوەز
ئەمڕۆ پشووی هاوینەی پەرلەمانی تورکیا کۆتاییهات و ئەمڕۆ دانیشتنەکانی دەستپێکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماریش داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دەستورێکی تازە بۆ وڵات دابرێژنەوە.
ئەردۆغان لە گوتارێكدا بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان رایگەیاند، دەوڵەت بە سەرکەوتویی بەڕێوەدەبەین و کار بە پێوەرە جیهانییەکان دەکەین و گەلی تورکیاش متمانەیان بە پەرلەمانەکەیان هەیە.
لە 60 ساڵی رابردوودا پێنج کودەتا بەسەر دەسەڵاتدا لە تورکیا کراوە، لە 15ـی تەموزی 2016 هەوڵی کودەتا بەسەر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا درا، بەڵام شکستیپێهێنا.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا باسی کودەتای کرد و گوتی، پێویستە واز لە نەریتی کودەتا بهێنین، تاکە گەنجینەیەک بۆ نەوەکانمانی بەجێبهێڵین ئەم پەرلەمانە هەمەجۆر و ئەزموونە دیموکراسیەیە.
دەستوری تورکیا، کە ئێستا پارتی داد و گەشەپێدان دەیەوێت هەمواری بکاتەوە، لە ساڵی 1982 دانراوە، تاوەکو ئێستا 19 جار هەموارکراوە، کە 10 جاریان لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا بووە، لە ساڵی 2002 بەدواوە. بەم جارەوە دەبێتە بیستەم جار هەموار بکرێتەوە.
ئەردۆغان دەڵێت، داوا لە هەموو لایەن و هەموو چین و توێژەکان دەکەم بەشداربن لە داڕشتنەوەی دەستوورێکی تازە بۆ وڵات.
دەڵێت، ئەم دەستورە ئیدی شل و شێواو بووە، ئێمە کە دەڵێین دەستوری تازە مەبەستمان دەستورێکی مەدەنی و گشتگیرە، کە بە رێککەوتن و گفتوگۆ بێت و شایستە بێت بە سەد ساڵەی تورکیا.
ترس لە کودەتا وایکردووە لە زۆرینەی هەموارکردنەوەکانی دەستوردا فۆکەس بخرێتە سەر کەمکردنەوەی هەژموونی سوپا و سیستمی حکوم.
دەستورەکە پێکدێت لە 7 بەش و 177 ماددەی سەرەکی و 21 ماددەی کاتی.
دواهەمین هەمواری لە ساڵی 2017دابوو، کە سیستمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕا.