لە مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى ١٩٧١، ڕەزاشاى پاشاى ئێران، فیستیڤاڵێکى گەورە و مێژوویی بەڕێوەبرد. ئەم فیستیڤاڵە هەوڵێکى کەلتورى بوو بۆ زیندووڕاگرتنى مێژووى پاشایەتى لە ئێران کە نزیکەى بیستوپێنج سەدە بەردەوامیی هەبوو. بیرۆکەى فیستیڤاڵەکە، لەلایەن “شوجاعەدین شەفا”وە خرابووەڕوو کە نوسەر و لێکۆڵەر و وەرگێڕێکى دیارى ئەو ڕۆژگارە بوو. نزیکەى دە ساڵێک ئامادەکارى بۆ مەراسیمەکە کرابوو. ناوى ناڕەسمیی فیستیڤاڵەکە بریتى بوو لە “فیستیڤاڵەکانى ٢٥٠٠ ساڵەى پاشایەتیی ئێران” و ناوە ڕەسمییەکەشى بریتى بوو لە “دووهەزاروپێنجسەدەمین ساڵەى بنیاتنانى پاشایەتیی ئێران بە دەستى کۆرشى گەورە”. فیستیڤاڵەکە پێنج ڕۆژى خایاند، ئەویش لە ١٢ بۆ ١٦ـى ئۆکتۆبەرى ئەو ساڵە. شوێنى بەڕێوەچوونى فیستیڤاڵەکە، تەختى جەمشید بوو، کە کۆمەڵێک کۆشکى پێچەڵپێچى سەردەمى هەخامەنشییەکانى ئێرانە لە نزیک شارى شیراز, ئەم کۆشکانە شوێنى یەکەم پاشایەتیی ئێرانى کۆن بووە. ئەم فیستیڤاڵە کە پارەیەکى گەورە و خەیاڵیی تێچووبوو، سەرۆک و پاشاى ٦٩ وڵات بەشدارییان تیا کرد. یەک لە کۆمپانیا گەورە فەڕەنسییەکان، شوێنى حەوانەوە و خێوەتى مانەوەى میوانەکانى ئامادەکردبوو کە چەندین خزمەتگوزاریی سەمەرەى بۆ ئەو ڕۆژگارە تیا بوو. شوێنى میوانان ناونرابوو شارى زێڕین یان شارى خێمەکان. ئەم دیکۆرسازییەش لە ساڵى ١٥٢٠ـەوە وەرگیرابوو کاتێک فرانسیسى یەکەم لە فەڕەنسا و هێنریی هەشتەم لە بەریتانیا لە “گۆڕەپانى قوماشى زێڕین” كۆدەبنەوە.
مەراسیمەکە لەلایەن محەمە ڕەزا شاوە کرایەوە، ئەویش ئەو کاتەى ڕوو لە گۆڕى کۆرشى پاشاى هەخامەنشییەکان دەکات و دەیدوێنێت: کۆرش، ئاسودە بنوو، ئێمە بێدارین. دواى وتارى شا، سەد و یەک تۆپ بەرەو ئاسمانى “پاسارگاد” دەتەقێنرێن (کە شوێنى ئیدارەدانى پاشایەتیی کۆن بووە). هەمان کات، ملیۆنان کەس لە تەلەفزیۆنەوە بینەرى ئەم مەراسیمە کەلتورییە دەبن. یەک لە چالاکییەکانى فیستیڤاڵەکە، سوپاى هەر قۆناغێکى پاشایەتیی ئێران بە مەسیرەوە دەهاتن، جلى ئەو ڕۆژگارەیان پۆشیبوو، پێکهاتەى سوپاکەشیان بەپێى ئەو ڕۆژگارانە دەنواندەوە. لە کاتى خوانیشدا، شەش سەد میوانى ڕەسمى بۆ ماوەى پێنج کاتژمێر و نیو لەسەر خوان دەبن. چاودێرانى ئەودەم دەگێڕنەوە کە ئەمە درێژخایەنترین و دەستکراوەترین میوانداریی ڕەسمى بووە لە مێژووى هاوچەرخى ئێراندا و دواتریش ناوى دەچێتە کتێبى “گینس”ـەوە.
(لۆگۆى پاشایەتیی فیستیڤاڵ)
لە سەردەمى فەرمانڕەوایی ڕەزاشا و دواتریشدا، ڕەخنەیەکى زۆر لە تێچووى مەراسیمەکە گیراوە و بە چالاکییەکى بێسوود دانراوە کە خزمەتى خەڵک ناکات. بەتایبەت ئەودەم کە خەڵکێکى زۆر لە دەرەوەى شارەکان لە خراپترین ئاستى ژیاندا دەژیان. خزمەتگوزارییەکان، سەدان سەعات کار و دەیان کیلۆ زێڕ و سەرەنجامیش ملیۆنان دۆلارى تێچووبوو (دوو نوسەرى ئەورووپى یەکیان بە پێنجسەد ملیۆن دۆلار و ئەویتریشیان بە سێسەد ملیۆن دۆلار مەزەندەى دەکات). بۆ نمونە، خواردنى میوانان لە سوید و فەڕەنسا و سویسراوە بۆ ئێران دەهێنرا. یان بۆ ئێکسسوار و دیزاینکردنى سەربازانى مەراسیمەکە، دەبوو هاتوچۆ و سەفەرێکى زۆر ئەنجامبدرێت، ئەویش بۆ مانگان و ساڵان. دەگێڕنەوە سویسرا ئەندامێکى خانەنشینکراوى حکومەتە فیدراڵییەکەى خۆى دەنێرێت، بەڵام سەرەڕاى ئەوەش وەک ڕەخنەیەک لەو زێدەمەسرەفییەى مەراسیمەکە ئەندامانى پارلەمانى سویسرا ڕایدەگەیەنن: “کاتێک خەڵکى ئێران بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، نابێت نوێنەرەکەى سویسرا بەشداریی فیستیڤاڵێک بکات کە خۆراکى شا و میوانەکانى بریتیین لە ماسیی خاویار”.
ئامانجى شاى ئێران لەم مەراسیمە، بەخشینى پێشنەیەکى سیمبوڵى بووە بە خۆى، ئەوەى کە ئەویش درێژکراوەى زنجیرەیەک پاشا و پاشایەتیی مێژووییە، هەروەها پاشا و بەشێکى زۆر لە نوسەران و ڕەخنەگرانى ئەودەم، دەیانویست ڕەخنەى کەلتورى ئیسلامى بکەن کە کاتى خۆى پاشایەتیی ساسانییەکانى ڕووخاندبوو و پچڕانێکى لەو مێژووەدا درووستکردبوو. هەر ئەوکات ڕۆژژمێرى ئیسلامى گۆڕا بۆ ڕۆژژمێرى ئێرانى. زیاتر ناوى کۆنى ئێرانى لە مناڵان نرا. هەر ئەو قۆناغە، ژمارەیەکى زۆر وتار و کتێب دژى کەلتورى ئیسلام و ئاینى ئیسلام نوسران و بەراورد بە کەلتورى ئێران وەک کەلتورێکى دواکەوتوو خەمڵێنرا. بۆیە ناسیۆنالیزمێکى پاشایەتى لە سەردەمى ڕىزاشادا برەوى پێ درا کە ڕووى لە خۆرئاوا بوو، هەر خۆرئاواییەکان (بەتایبەت بەریتانییەکان) ئەویان لەسەر تەختى پاشایەتى دانا. هەروەها فەرەحى دیبا، هاوسەرى شا، لە فەڕەنسا خوێندبووى و ئێستاش لە کۆتاییەکانى ژیانیدا هەر لەوێ دەژى.