فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی ئەنبار بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی ئەنباری بە شەش ساڵ زیندانى سزاداوە
سزاکە لەسەر تۆمەتى گەندەڵی و بە هەدەردانی چوار ملیار و 614 ملیۆن دینار بووە، پارەکەی وەرگرتووە و بەدەر لە رێنماییەکان خەرجى کردووە. هەروەها هەندێک لە چەکە داراییەکانی لای خۆی هەڵگرتووە، کە تایبەت بوون بە کڕینی ژمارەیەک ئامێری پزیشکی.
دادگا سزای دوو ساڵی دیکە زیندانی بەسەر هەمان تۆمەتباردا سەپاندووە، بەتۆمەتى “بردنى” شایستە داراییەکانى فەرمانبەران، لە ساڵانی 2016 و 2017، کە چەکی بە بڕی سێ ملیار و 300 ملیۆن وەرگرتووە، تەنها دوو ملیار و 100 ملیۆنی داوە بە کارمەندەکان، واتە ملیارێک و 200 ملیۆنی بردووە.
هاوکات دادگای حلە، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی بابلدا سەپاند، بەتۆمەتى ئەنجامدانی سەرپێچی دیار و بە ئەنقەست، کە لە ساڵانی 2017 و 2018 مادەی ئۆکسجینی لە کۆمپانیای ئەهلی بە نرخی “زۆر گران” کڕیوە، لە کاتێکدا کۆمپانیای حکومی هەیە ئەو مادەیە بە نرخێکی زۆر لەوە کەمتر بەرهەمدەهێنێت