زووم، ئاژانسەکان
نەتەوەیەکگرتووەکان دواى 30 ساڵ، نوێنەرایەتى لە ناگۆرنۆ قەرەباغ دەکاتەوە، کاتێک دەیکاتەوە، کە زۆرینەى رەهاى خەڵکى هەرێمەکە ملى رێگەى ئەرمینیایان گرتووە و تەنها ژمارەیەکى کەمیان لە ناوچە رادەستکراوەکەیاندا ماونەتەوە.
نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى ئەرمینیا رایگەیاند، تاوەکو نیوەشەوى رابردوو نزیکەى 100 هەزار خەڵکى هەرێمەکە گەیشتوونەتە خاکى ئەرمینیا.
بەوپێیەش نزیکەى 20 هەزار کەس لە ناگۆرۆنۆ قەرەباغ ماون، چونکە دانیشتوانەکەى 120 هەزار کەس بوو.
ئەرمینیا چەند رۆژێکە داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات فشار لە ئازارەبایجان بکات لە هەرێمەکە بکشێتەوە، کە بە هێز کۆنترۆڵى کردووە.
ستڤان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی ئازەربایجان رێککەوتوون کە نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا بکەنەوە و لە لەم چەند رۆژەدا دەست بەکارەکانی دەکات.
کردنەوەى نوێنەرایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە مرۆییەیە، کە بەهۆی هێرشی سوپای ئازەربایجانەوە دروستبووە، بەشێوەیەک کە بۆ ماوەی نزیکەی 10 مانگ بوو ئازەربایجان گەمارۆی خستبووە سەر ناوچەی ناگۆرنۆ-قەرەباخ، بەڵام کردنەوەى نوێنەرایەتییەکە کەوتە کاتێکەوە کە خەڵکەکە هەرێمەکەیان جێهێشت.
لە شوباتی ئەمساڵدا دادگای نێودەوڵەتی داوای لە ئازەربایجان کرد، رێگە بە هاتوچۆیی ئازاد لە دەوازری لاچین بدات، کە ئەوکات دایخستبوو، بەڵام داواکەی جێبەجێ نەکرا و دۆخی خەڵکی ئەو ناوچەیە تا دەهات خراپتردەبووو.
ئەرمینیا داوای لە دادگاکە کردووە دووبارە داوا لە ئازەربایجان بکاتەوە خۆی بەدور بگرێت لەهەر کارێک کە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی ئەو ئەرمەنییانەی کە تاوەکو ئێستا لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.
بەشێک لە شارەزایانی نێودەوڵەتی رایانگەیاندووە دەربەدەربوونی ئەو کەمینە ئەرمەنییانە لە ناگۆرنۆ-قەرەباخ ئەوە دەسەلمێنێت کە تاوانی جەنگی بەزۆر ئاوارەکردن ئەنجامدراوە و بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەسفیان کردووە.