کارل مارکس (١٨١٨- ١٨٨٣)، فەسلەسوفێکى ئەڵمانییە کە لە بوارى فەلسەفە، سیاسەت، ئابوریی سیاسییدا چەندین بەرهەمى گرنگى نوسیوە. کتێبى “سەرمایە” و چەمکى “سەرمایەدارى” زیاتر بیرخەرەوەى ناوى ئەون. مارکس، بە باوکى “سۆسیالیزمى زانستى”ـى مۆدێرن دادەنرێت کە جیاوازە لە سۆسیالیزمەکانى تر، و پاش خوێندنەوەى سیستەمى سەرمایەدارى، بیرۆکەى شۆڕش دەخاتە بەردەم کرێکاران. جاریش هەیە بە “باوکى پرۆلیتاریا” دادەنرێت، واتە ئەو چینە هەژار و چەوساوەیەى کە لە سەرمایەداریی مۆدێرندا دەکەونە بەرامبەر چینى بۆرژوا و سەرمایەدارانەوە.
لە مارکس بەدواوە، فەلسەفە ڕاستەوخۆ دەبەسترێت بە ژیانى ڕۆژانەوە. بەتایبەت لەڕووى سیاسى و کۆمەڵایەتییەوە کە فەلسەفە دەست وەردەداتە ناو ژیانى مرۆڤەوە. مارکس، لەگەڵ فرێدریک ئەنگڵسى هاوڕێ و هاوبیریدا، ئەم ئەرکەیان گرتەئەستۆ. ئەنگڵس، خۆیشى خاوەنى چەند بەرهەمێکى فیکرى و سیاسییە، لەوانە: “ڕیشەى خێزان، خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت”، ڕەوشى کرێکار لە ئینگلتەرا، ئەنتى دوورینگ. نامیلکەى “مانیفێستى کۆمۆنیست”يشيان لەگەڵ مارکسدا بە هاوبەشى نوسیوە کە دەقێکى شۆڕشگێڕانەیە و کۆى دۆخى سیاسى و فیکرى و کۆمەڵایەتیی ئەودەم لەخۆیدا چڕدەکاتەوە. درووشمى “پرۆلیتاریاى جیهان یەکگرن”، کۆتا ڕستەى ناو ئەو دەقەیە. هاوڕێیەتیی کارل مارکس و فرێدریک ئەنگڵس، دواتر وەک جۆرێک سەرمەشقى کۆمەڵایەتیی لێ دێت و لە ئەزموونە سۆسیالیستییەکانى دواترى جیهاندا کۆمۆنیستەکان بە “هاوڕێ”، بانگى یەکتر دەکەن. زۆرجار لە مێژووى فیکرى مارکسییدا کە دەوترێت “مارکس”، مەبەست لە ئەنگڵسیشە بەبێ ئەوەى ناوى بهێنرێت.
مارکس لەڕێى بەرهەمەکانى خۆیەوە، خوێندنەوەى بۆ کۆمەڵگاى نوێى سەدەى نۆزدەیەم کرد. خوێندنەوەکە لەڕوانگەى ئابوریی سیاسییەوە بوو، واتە تەنیا ئابوریی ڕووت نەبوو، بەڵکو ئابورییەک بوو کە گرێدرابوو بە سیاسەت و گۆڕینى کۆمەڵگاوە. بۆ نمونە، مارکس لەڕوانگەى ئابوریی سیاسییەوە، کۆى مێژووى خوێندەوە. تێگەیشت کە مێژوو، مێژووى ململانێى چینایەتى بووە. چینە کۆمەڵایەتییەکان، بەهۆى ئامرازەکانى بەرهەمهێنانەوە دابەش دەبن بەسەر دوو چینى دژیەکدا، ئیدى لە کۆیلایەتییەوە بیگرە تا دەرەبەگایەتى و سەرمایەدارى. مارکس هات لەڕێگەى ژیانى کۆنکرێتى و واقیعییەوە مێژووى خوێندەوە بۆیە دەستەواژەیەکى وەک “ماتریالیزمى مێژوویی”ـى بەسەردا بڕا. هەندێ یاساى فەلسەفییشى لە ململانێ کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکاندا کەشفکرد کە هیگڵ بە شێوەیەکى تیۆرییتر باسیکردبوون، بەڵام مارکس بۆ خوێندنەوەى ململانێ کۆمەڵایەتییەکان خستییەگەڕ. بەمەش دەوترێت “ماتریالیزمى دیالەکتیک”. ئەو پێىوابوو لە کۆمەڵگاى سەرمایەداریی مۆدێرندا دوو چین درووستدەبن کە یەکیان بۆرژوازییە، ئەویتریشیان پرۆلیتاریا. بۆرژوازى، خاوەنى ئامرازەکانى بەرهەمهێنانن کە قازانجەکە بۆ خۆیانە بێ ئەوەى هیچ کارێک بکەن. پرۆلیتاریاش، ئەو چینەن کە هەموو شتێک دەکەن و دەیخەنە گیرفانى چینە بۆرژوا دەوڵەمەندەکەوە. بۆیە مارکس دەڵێت، چنەکەى سەرەوە هەموو شتێکیان هەیە بێ ئەوەى هیچ بکەن، چینەکەى خوارەوەش هەموو شتێک دەکەن بێ ئەوەى هیچیان هەبێت.
مارکس ئومێدەوار بوو لە داهاتوودا سەرمایەدارى بەهۆى ناکۆکییەکانى هەناوى خۆیەوە تووشى قەیرانێکى ڕیشەیی ببێت و بڕووخێت. پرۆلیتاریاش، شۆڕش بەرپابکات و ڕاستەوخۆ ئامرازەکانى بەرهەمهێنان بگرێتەدەست و پاش تێپەڕین بە قۆناغێکى ڕاگوزەرى سۆیالیستییدا، کۆمەڵگاى کۆمۆنیستى دابمەزرێنێت کە چیدى نە چینایەتیی تیایە، نە چەوسانەوە، نە ئاکار و بەهاى کۆن، نە دین و خورافات. کۆمەڵگایەک کە “هەرکەس بەپێى تواناى خۆى، و هەرکەسیش بەپێى پێویستییەکانى خۆى وەردەگرێت”. ئەم درووشمەى مارکس، کەمێک لە سرووشتى ئەو کۆمەڵگایە ڕووندەکاتەوە کە مرۆڤ دەبێت پێى بگات، بەڵام هێشتا تەمومژێکى زۆر لەسەر سرووشتى کۆمەڵگاکە لە فیکرى مارکسییدا بەدیدەکرێت. بە مانایەکى تر، “خاوەندارێتیی تایبەت” لە کۆمەڵگاى کۆمۆنیستییدا نامێنێت، و “خاوەندارێتیی گشتى” دێتەئاراوە کە یەکەمیان هى کۆمەڵگاى چەوسێنەرى چینایەتییە و دووەمیشیان هى کۆمەڵگاى بێچینى کۆمۆنیستییە. بەپێى ئەم کۆمەڵگا تازەیە، خەڵک بەیەکسانى دەبنە خاوەنى ئامرازەکانى بەرهەمهێنان و خێروبێر و قازانجەکەشى بۆ هەمووانە نەک چینێکى بچوکى دیاریکراو. کۆمەڵگاى کۆمۆنیستى، کۆمەڵگاى پێکەوەیی و هەرەوەزییە، سەرچاوە مادى و مەعنەوییەکان تێکڕا لە قازانجى هەمواندان.
دواى مارکس، لینین و ماوتسى تۆنگ، بە دوو سەرکردەى دیارى بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیستییەکان دادەنرێن کە هەریەکەیان بەپێى هەلومەرجى کۆمەڵگاى ڕووسى و چینى، فیکرى مارکسیزمى داڕشتەوە. ستالین و ترۆتسکى و کاسترۆ و گیڤاراش لەو فیگەرە چەپانەن کە لە نەریتى مارکسییدا بەردەوام ناویان دەهێنرێت. لە عێراق و کوردستان، هەر لە سییەکانى سەدەى بیستەوە، فیکرى سۆسیالیستى بڵاودەبێتەوە و دامەزراندنى حیزبى شیوعیی عێراقى، کە ڕێژەیەکى بەرچاو کوردییشى تیایە، ڕۆڵى زۆرى لە بڵاوبوونەوەى فیکرەکەدا دەبێت. سەرەنجام یەکێتی سۆڤیەتى جاران، لە ساڵى ١٩٩٠ دەست لە فیکرەکە هەڵدەگرێت و دادەڕووخێت. کەوتنى سۆڤیەت، کەوتنى کردارەکیی فیکرەکە بوو، چونکە نوێنەرێکى دیارى بڵاوبوونەوەى فیکرەکە بوو لە جیهاندا. لە هەموو ئەم ئەزموونانەشدا، هەمیشە ئەو مشتومڕە لەئارادا بوو کە ئاخۆ کێ پابەندە بە فیکرى مارکسییەوە و کێش لایداوە. ئەمە زۆرجار وایدەکرد مارکسییەکانى جیهان، بەسەر چەندین حیزب و گرووپ و ڕێکخراوى جیاجیادا دابەش ببن و کۆنەبنەوە.
مارکس بەشێکى گرنگى ژیانى لە شارى لەندەن بەسەر برد، لەوێ چالاکیی سیاسى و کرێکارى و فیکریی ئەنجامدەدا، و هەر لەوێش کۆچی دوایی کرد و بە خاک سپێردرا.