زووم:
دەزگا ئەمنی و دادوەرییەكانی عێراق دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوەكەی هۆڵی ئاهەنگەكەی قەزای حەمدانییە كردووە، كە بەهۆیەوە سەدان كەس بوونە قوربانی.
شەوی رابردوو 27 لەسەر 28ی ئەیلوولی 2023، لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانییە، لەكاتی بەرێوەچوونی ئاهەنگی بوك و زاوایەك، ئاگرێك كەوتەوە، كە بەهۆی ئەو رووداوەوە، زیاد لە سەد كەس گیانیان لە دەستدا و نزیكەی 200 كەسیش برینداربوون.
هەر دوای رووداوەكەش، بەرپرسانی عێراق، لە ئاستی باڵا هاتنە خەت و داوایان لە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەكان كرد، بەزوویی دەست بە لێكۆڵینەوەو هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بكەن و لایەنی كەمتەرخەم سزا بدەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکی سوتانی هۆڵەکە بوون، بەڵام کەمتەرخەمی لە ڕێکارەکانی سەلامەتی هەبوون، بۆیە راستەوخۆ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ خاوەنی هۆڵەكەو ئەو كرێكارانەش دەركرد، كە لە هۆڵەكە كاریان كردووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری راشیگەیاند، لە رێگەی دەزگا ئەمنییەكانەوە توانیویانە، 9 كەس دەستگیر بكەن، كە بریتی بوون لە خاوەن و ئەو كرێكارانەی لە هۆڵەكە كاریان كردووەو هەر دوای دەستگیركردنیشیان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
ئەنجوومەنەكە ئەوەشی راگەیاند، جگە لەو هەنگاوە دادوەری لێكۆڵینەوە لە داگای موسڵ چووەتە شوێنی رووداوەكەو بەدواداچوونی بۆ رووداوەكە كردووە.
عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی عێراقی، لەبارەی ئەوەی چ سزایەك چاوەڕێی ئەو كەسانە دەكات، كە كەمتەرخەم بوون، بە سکای نیوز عەرەبی وتووە: مادەکانی 343 و 344ی یاسای سزادانی عێراقی بە ڕوونی باس لەوە دەکەن، کە هەر کەسێک بە هەڵە ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە موڵک و ماڵی جوڵاو یان نەجووڵاو و ژیانی هاووڵاتیان بخاتە مەترسییەوە، سزاکەی دەگاتە ١٠ ساڵ زیندانی، بەتایبەتی ئەگەر لەرووداوەكە مردن ڕووبدات.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکەش ، تەمیمی ئاماژەی بەوە كردووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن سەبارەت بەوەی ئایا لە ئەنجامی هەڵەیەکی خاوەن هۆڵەكە، یان کارگێڕان ڕوویداوە، یان لە ئەنجامی کارێکی تیرۆریستییەوە ڕوویداوە، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ دوای لێكۆڵینەوەكان و تەوابوونی.
ئەوەی تا ئێستا ڕوونبووەتەوە، سەقفی هۆڵەكە ماددەی پلاستیكی بووەو پەڕۆی زۆری پێوەبووە، ئەوە هۆكاری زوو گرگرتن بووە، هەروەها دەرگای سەرەكیش گەورە نەبووەو دەرگای فریاگوزاریش بچووك بووە و شوێ،ەكەشی پێچ بووە، كە ئەنجوومەنی دادوەری لە بەیاننامەكەی لەو بارەوە ئەو هۆكارانەی خستووەتەڕوو، باسی لەوەش كردووە، هەر ئەو هۆكارانە بوون هۆڵەكە بەو شێوەیە بەخێرایی گربگرێت و ئەو ژمارە زۆرەش ببنە قوربانی.