زووم:
کۆڕەو لە سەدەی بیستویەکدا.. کۆچی بە کۆمەڵی ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ پێینایە رۆژی سێیەمەوە، خەڵک بەبێ نان و ئاو، سەدان کیلۆمەتر دەبڕن و بە زحمەتێکی زۆر خۆیان دەیەگەیەننە ئەرمینیا.
خەڵکی قەرەباخ بەلێشاو بەرەو رێڕەوی لاچین دەڕۆن، کە تاکە دەروازەیە هەرێمەکە بە ئەرمینیاوە دەبەستێتەوە، درێژیی رێگاکە 80 کیلۆمەترە، بەڵام بەهۆی جەنجاڵی و خنکانی هاتوچۆوە و هەروەها پشکنینی توندی هێزەکانی ئازەربایجان، گەشتی خەڵکە هەڵاتووەکە زیاتر لە 24 کاتژمێر دەخایەنێت، خەڵکیش هەیە بە پیادە ملی رێگەی گرتووە.
حکومەتی ئەرمینیا ساتبەسات ژمارەی تازەی ئەو کەسانە بڵاودەکاتەوە کە پێدەنێنە خاکی وڵاتەکەیەوە، بەگوێرەی تازەترین ئامارەکان لە 72 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 42 هەزار و 500 کەس لە قەرەباخەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەرمینیا کە ئەوەش دەکاتە یەک لەسەر سێی تەواوی دانیشتووانی هەرێمە 120 هەزار کەسییەکە.
ئەم کۆڕەوەی دانیشتووانی ناگۆرنۆ قەرەباخ پاشئەوەهات، 19ـی ئەم مانگە ئازەربایجان هێرشێکی خێرایی بۆسەر هەرێمەکە دەستپێکرد کە سێ دەیەبوو لەژێر دەستی جوداخوازەکانی سەربە ئەرمینیابوو، تەنها 24 کاتژمێر بەسبوو بۆئەوەی ئازەربایجان بە ئاواتە لەمێژینەکەی بگات، بەهۆی توندی هێرشەکەوە جوداخوازەکان رازیبوون بە ئاگربەست و رادەستکردنی چەکەکانیان.
چەككردنی هێزە جوداخوازەكان بۆ دانیشتوانی قەرەباخ، جۆرێك شۆكی پێوە بوو، هەر ئەو شۆكەش بووە هۆی ئەوەی قبووڵ نەكەن و پاش پێنج رۆژ لە رێککەوتنی ئاگربەست، دەست بە كۆچكردن بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی تەندروستی ئازەربایجان رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییە 24 کاتژمێرییەکەی هەفتەی رابردوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ، وڵاتەکەی 192 سەربازی لەدەستداوە و زیاتر لە 500 سەربازی دیکەی ئازەربایجان برینداربوون.
جوداخوازە ئەرمەنییەکانیش دەڵێن، 213 کوژراویان هەبووە، بەمەش کۆی کوژراوانی ئەو شەڕە کە بە سەرکەوتنی مێژوویی ئازەربایجان کۆتاییهات، گەیشتە زیاتر لە 400 کوژراو.