زووم
یەکێتى نیشتمانى کوردستان تەمەنى نزیکەى پێنج دەیەیە، بەدرێژایی تەمەنى چوار کۆنگرەى بەستووە و ئەمڕۆش گۆنگرەى پێنجەمەى دەستپێدەکات و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
رۆژى 22ـی ئایاری 1975 بیرۆکەى دامەزراندنى یەکێتى خرایە سەر کاغەز، ئەوانەى بیرۆکەکەیان گەڵاڵەکرد، یەکەم کۆبوونەوەیان لە گەڕەکی ئەبوروومانەی دیمەشقى سوریا ئەنجامدا، کە پێکهاتبوون لە مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، فوئاد مەعسوم، کمال فوئاد، عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی.
دەستەى دامەزرێنەرانى یەکێتى، دواى پێنج رۆژ، کۆبوونەوەى دووەیان لە بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا ئەنجامدا و 1ـى خوزەیرانیان بە رۆژى دامەزراندنى حزبەکەیان دیاریکرد.
یەکێتی لەسەرەتاوە وەک رێکخراوێکى نیمچە بەرەى دامەزرا، کە کۆمەڵەی مارکسی لینینیی کوردستان و بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و ئەو کەسانەی پێیان دەگوترا خەتی گشتی پێکهاتبوو.
وەک دەستەى دامەزرێنەرانى یەکێتى لە گێڕانەوەکانیدا باسیانکردووە، ئامانج لە دامەزراندنى حزبەکە دەستپێکردنەوەى شۆڕشى چەکدارى بوو، لەپاش هەرەسى شۆڕشى ئەیلول، بۆیە دواى ساڵێک لە دامەزراندنى لە چیاکانى کوردستانەوە شۆڕشى چەکدارییان دەستپێکردەوە.
یەکێتى دەیەی یەکەمى دامەزراندیدا زیاتر چاوى لە بەستنى کۆبوونەوەى گشتى کۆنفرانس بوو، وەک لە کۆنگرە، لە رۆژى 31ـى ئابى 1977 کۆبوونەوەى کۆمیتەى سەرکردایەتى لە کوردستان بەست، کە بۆ ماوەى 12 رۆژ بەردەوامبوو، تێیدا مام جەلال بە سکرتێرى گشتى دیاریکرا و نەوشیروان مستەفا بە جێگرى سکرتێرى گشتى هەڵبژێردرا
یەکێتى لە ساڵى 1978 دووەم کۆبوونەوەى سەرکردایەتى بەست و لە ساڵانى 1983 و 1984یشدا دوو کۆنفرانسی بەست.
یەکێتى دواى 17 ساڵ لە دامەزراندنى، لە 27ـى کانوونى دووەمى ساڵى 1992دا لە سلێمانی کۆنگرەى یەکێتى بەسترا، مام جەلال، بە سکرتێری گشتی نەوشیروان مستەفا بە جێگرى سکرتێرى گشتى هەڵبژێردرانەوە
لە یەکەم کۆنگرەدا ستراتیجی حزبەکە لە شاخەوە گواسترایەوە بۆ شار، ئەم کۆنگرەیە هەم بە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی ئاراستەکان وەسفک دەکرا، هەمیش بە توانەوەى کۆمەڵە و مارکسی لینى وەسف دەکرا.
یەکێتى کۆنگرەی دووەمى لە 30ـى کانوونى دووەمى 2001دا هەر لە سلێمانی بەست، مام جەلال بە سکرتێری گشتی و نەوشیروان مستەفا بە جێگرى سکرتێرى گشتى هەڵبژێردرانەوە.
دواى جیابوونەوەى نەوشیروان مستەفا لە ساڵى 2006 و دواتر دامەزراندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە ساڵى 2009 لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەکانى دیکەى هاوڕێی، یەکێتى کۆنگرەى لە کاتى دیاریکرداویدا نەبەست و لە 1ـى ئایارى 2010 کۆنگرەى سێیەمى بەست و مام جەلال بە سکرتێرى گشتى هەڵبژێردرایەوە، کۆسرەت رەسوڵ بە جێگرى یەکەم و بەرهەم ساڵح بە جێگرى دووەم هەڵبژێردران.
یەکێتى لەو ساڵانەى دواییدا روبەڕووى ناکۆکى و ئاڵنگارى ناوخۆیی زۆربووەوە، بەتایبەتى دواى نەخۆشکەوتنى تاڵەبانى و دواتر کۆچیی دوایکردنى. دیاریترینیان راگەیاندنى باڵى ناوەندى بڕیاربوو لە شەوى 1ـى ئەیلولى 2016ـدا.
باڵى ناوەندى بڕیار لە جێگرانى سکرتێرى گشتى و هەندێک مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتى پێکهاتبوون، لەبەرامبەردا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كە خۆیان بە زۆرینەی مەكتەبی سیاسی دادەنا، ناوەندى بڕیاریان رەتکردەوە، سەرئەنجام و لە مانگەکانى دواتردا باڵى ناوەندى بڕیار بەبێدەنگى هەڵوەشایەوە.
یەکێتى رۆژى 21ـى کانوونى یەکەمى 2019 کۆنگرەی چوارەمى بەست، ئەو جارە سیستمى هاوسەرۆکى هێنایە نێو حزبەکە و بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران
یەکێتى بەڵام لەم سیستمەدا سەرکەوتوو نەبوو، دواتر رووداوەکانى 8ـى تەمموزى 2021ـى بەدواداهات، ساڵى رابردووش دیدارى یەکێتى بەسترا و بافڵ تاڵەبانى، بەسەرۆکى حزبەکە هەڵبژێردرا
ئەمڕۆش کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتى بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردنى بافڵ تاڵەبانى وەک کەسی یەکەمى حزبەکە بۆ یەکێتییەکان دوودڵى تێدانییە.
کۆنگرەى پێنج، یەکەمین گۆنگرەى یەکێتییە، نەک لە وادەى خۆى، بەڵکو پێش ئەو وادەیە دەبەسترێت، بەڵام لەنێو دۆخێکدا دەبەسترێت هەنێدک لەوانەى بەشداری ناکەن بە لەتبوونى یەکێتى وەسفى دەکەن.
لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى پێشووى یەکێتى، رۆژێک پێش کۆنگرەکە پەیامێمى ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رەخنەى لە کۆنگرەکە گرت و دروستکردنى لیستی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان راگەیاند. وەک لە گوتەکانیدا ئاماژەى پێدا چاوی لە یەکگرتنى ناڕازییەکانە، نەک تەنها ئەوانەى نێو یەکێتى، بەڵکو ئەوانەشى لە حزبەکان و حکوڕانى ئێستا ناڕازین.