زووم:
کۆریای باکوور ڕۆژی سێشەممە هۆشداریدایە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە نیمچە دورگەی کۆریا ڕووبەڕووی هەڵگیرسانی شەڕی ئەتۆمی دەبێتەوە و هۆکارەكەشی بۆ هەوڵەكانی ئەمریكا گەڕاندەوە.
کیم سۆنگ، نوێنەری کۆریای باکوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەوڵەكانی ئەمریکا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، نیمچە دوورگەی كۆریای هێندەی دیکە بەرەو لێواری شەڕی ئەتۆمی بردووە.
لێدوانەکانی ئەو بەرپرسەی كۆریای باكوور هاوكات بوو لەگەڵ قسەكانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، كە هۆشداریدا لە پێشبڕکێی نوێی چەکی ئەتۆمی لە چەند ناوچەیەكی جیهان.
کیم سونگ هەروەها ئیدانەی هەنگاوەکانی کۆریای باشوورشی کرد بە سەرۆکایەتی یۆن سوک یول، كە بەردەوام كاردەكات بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ واشنتۆن و ژاپۆن.
ناوبراو ئەوەشی راگەیاندووە، لە ئێستادا ئەمریکا بەرەو قۆناغی کردەیی دەڕوات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی، كە بە قسەی ئەو بریتییە لە هەڵگیرسانی شەڕی ئەتۆمی، ئەویش بە ناردنی چەندین جۆر ژێردەریایی ئەتۆمی ستراتیژی و بۆمب هاوێژی ئەتۆمی ستراتیژی بۆ نیمچە دوورگەی کۆریا و دەوروبەری.