زووم:
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی تازەی لەبارەی دۆلارەوە دەكردو رایگەیاند، ئەوانەی دۆلار قەرزارن دەتوانن بە دینار قەرزەكانیان بدەنەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران كۆبووەوەو لە كۆبوونەوەكە چەند بڕیارێك دراوە، كە بەشێكیان تایبەت بووە بە مامەڵەی دۆلار لەناوخۆی عێراق.
بەپێی بڕیارەكان، كە نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاویكردووەتەوە، ئەو كەس و لایەنانەی بە دۆلار قەرزاری بانكەكانن دەتوانن بە دینار قەرزەكانیان بدەنەوە، ئەو قەرزانەشی دەدرێنەوە بە بانكەكان بە نرخی ئاڵوگۆڕی (1,320 دینار) بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی ئەژمار دەكرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانیش لەناوخۆی عێراق بڕیاری دەكردووەو رایگەیاندووە، سەرجەم گرێبەستە نێودەوڵەتییەكان، کە لە ناوخۆی عێراق جێبەجێدەکرێن بە دیناری عێراقی دەبێت، جگە لەوانەی بە کرێدی دۆکیۆمێنتاریی دەرەکی دەکرێنەوە.
ئەم بڕیارانەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتدایە، بۆ پابەندبوون بە و رێكارانەی بانكی فیدراڵی ئەمریكا، بۆ بانكی ناوەندی عێراق لە چوارچێوەی رێگری لە قاچاغبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات دایناوەو دەیەوێت لەو رێگەیەوە، كۆنتڕۆڵی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بكات، كە ماوەیەكی زۆرە بە بەردەوامی بەرزدەبێتەوە.