زووم:
ڤیكتۆر سۆكۆلۆف، فەرماندەی هێزی كەشتیوانی رووسی لە دەریای رەش، پاش رۆژێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی لەلایەن ئۆکراینەوە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا “دەركەوت”.
بەگوێرەی وێنەیەك كە وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویكردووەتەوە، سۆكۆلۆف بە جلوبەرگی سەربازیی لە شاشەیەكی گەورە لەگەڵ كۆمەڵێك بەرپرسی باڵای سەربازی وڵاتەكەی دەركەوتووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەممە سۆكۆلۆف لە رێگەی “ڤیدیۆ كۆنفرانس”ـەوە بەشداری كۆبوونەوەیەكی ئەمنی بەرپرسانی رووسیای كردووە، كە بە سەرپەرشتی سێرگی شۆیگۆی وەزیری بەرگری ئەنجامدراوە.
رۆژی دووشەممە سوپای ئۆكراین كوژرانی سۆكۆلۆف و كۆمەڵێك فەرماندە و سەربازی روسی لە ئەنجامی هێرشێك راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردبوو هێرشەكە رۆژی 22 ئەیلول كردوویەتییە سەر بارەگای هێزی كەشتیوانی دەریای رەش لە شاری سیفاستۆپۆل لە نیمچە دوورگەی کریمیا.