زووم
ئەمڕۆ، ساڵڕۆژى رووداوێکە، کە لە مێژووى کورددا هاوشێوەى نەبووە، بەڵام لێکەوتەکانى هێندە زۆربوون، هەرزوو ئاهەنگێڕان و خۆشى ئەو رۆژەى بیرى زۆرێک لەوانەش بردەوە کە بە دەنگێکى زوڵاڵ دەیانگوت بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.
رۆژى 25ـى ئەیلولى 2017 ریفراندۆم ئەنجامدرا و نزیکەى 93%ـى خەڵکى لە باشورى کوردستان بە بەڵێ دەنگیاندا و 7%ـیش نەخێریان هەڵبژارد.
لە دواى ریفراندۆم، رووداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەر، وەک دیارترین لێکەوتەى ریفراندۆمەکە دانرا، بەڵام لەماوەى شەش ساڵى رابردوودا زووزوو ناوێک بەگوێى هاوڵاتیانى باشورى کوردستاندا دراوە و دەدرێت، کە پێشتر زۆرێک پێی ئاشنا نەبوون و ئەزموونى بڕیارەکانیان نەکردبوو، ئەویش دادگاى باڵاى فیدراڵییە.
دادگاى فیدراڵى
24/9/2023 ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى هەڵوەشاندەوە
ئەم دادگایە تەمەنى 18 ساڵە، لە ساڵى 2017ـەوە بڕیارەکانى زۆرجار لەبارەى هەرێمى کوردستانەوەیە، دوایینیان بڕیارێکى دوێنێیەتى، کە درێژکردنەوەى تەمەنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى هەڵوەشاندەوە و ئەو ئەنجومەنەى کە نۆ ساڵە هەڵبژاردنى بۆ ئەنجامنەدراوە، ئیدى ناوى لەنێو ناواندا نامێنێت.
دادگاى فیدراڵى
30/5/2023 درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە
نزیکەى پێنج مانگ پێش ئێستا و لە رۆژى 30ـى ئایاردا، دادگاکە بڕیارێکى دیکەى لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە دەرکرد، ئەویش هەڵوەشاندنەوەى درێژکردنەوەى تەمەنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان بوو.
سەرۆکایەتى پەرلەمان بەبێدەنگى رێکارەکانى جێبەجێکردنى بڕیارەکەى گرتەبەر و کۆتایی بەو خولەى پەرلەمان هێنا و ئێستا نە پەرلەمان کارایە و نە ئەنجومەنى پارێزگاکانیش.
دادگاى فیدراڵى
25/1/2023 بڕیارى ناردنى 400 ملیار دینارى مانگانەى بۆ هەرێمى کوردستان راگرت
هەر لەمساڵدا دادگاى باڵاى فیدراڵى، بە بڕیارێکى دیکەى، هەرێمى کوردستانی شۆککرد، کاتێک لە 25ـى کانوونى دووەمدا سەرجەم ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقى هەڵوەشاندەوە، کە تایبەتبوون بە ناردنى پارە بۆ هەرێمی کوردستان.
بڕیارەکە بووەهۆى رێگرى لە ناردنى ئەو 400 ملیار دینارەى بەغداد جاروبار بۆ هەرێمى کوردستانی دەنارد.
ئەمە بەشێک لە بەرپرسانى هەرێمى کوردستانى توڕەکرد و مەسعود بارزانى، سەرۆکى پێشووى هەرێم دادگاکەی بە “مەحکەمەی ثورە”ـی سەردەمی بەعس چوواند.
دادگاى فیدراڵى
23/11/2022 بڕیاریدا بە پابەندکردنى حکومەتى هەرێم بە یاساى خانەنشینى یەکگرتوو
دوو مانگ پێشتر و لە 23ـى تشرینى دووەمى 2022دا، دادگاى باڵاى فیدراڵى بڕیارێکى دیکەى لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە دەرکرد، بەگوێرەى بڕیارەکە حکومەتى هەرێم پابەند دەکات بە کارکردن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، کە ساڵى 2014 لە پەرلەمانى عێراق دەرچووە و لە عێراق کارى پێدەکرێت.
بەگوێرەى ئەم یاسایە موچەى خانەنشینى لە 400 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، بەڵام حکومەتى هەرێم هێشتا پابەندى ئەم بڕیارەى دادگاکە نەبووە و کار بە یاسایەک دەکات، کە لە ساڵى 2006 دەرچووە و موچەى خانەنشینى لە 220 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.
دادگاى فیدراڵى
15/2/2022 بڕیارى نادەستووریبوونى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى دەرکرد
هەر لە ساڵى 2022دا داگاى فیدراڵى بڕیارێکى دیکەى لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە دەرکرد، ئەوجارەیان کەرتى وزەى هەرێمى کوردستانى گرتەوە.
رۆژى 15ـى شوبات، دادگاکە بڕیاریدا بە نادەستوریبوونى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و ناچارکردنى هەرێم بە رادەستکردنى نەوتەکەى بە حکومەتى فیدراڵى.
بەرپرسانى حکومەتى هەرێم بەتوندى دژى ئەم بڕیارە وەستانەوە و پێوەى پابەندنەبوون، وەک ئەوەى نە بایان دیوە و نە بۆران، هەناردەى نەوت بەردەوام بوو، تائەوکاتەى بەگوێرەى بڕیارێکى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێم لە 25ـى ئازارى ئەمساڵدا راگیرا.
دادگاى فیدراڵى
20/11/2022 بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى ریفراندرم
بەگەڕانەوە بەنێو بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى لە 2022ـەوە بۆ 2018 بڕیارێکى ئەوتۆى لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە تێدا نییە، بەڵام رۆژى 20ـى تشرینى دووەمى 2017، واتە دواى دوو مانگ لە ئەنجامدانى ریفراندۆم، دادگاکە بڕیاریدا بە نادەستوورییبوون و هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى ریفراندۆمەکە، بەڵام هەرێمى کوردستان پابەندبوونى خۆی بە بڕیارەکەوە نیشان نەدا و حکومەتى هەرێم بە بڕیارێک ئەنجامى ریفراندۆمەکەى سڕکرد، نەک هەڵیبوەشێنێتەوە وەکو ئەوەى لە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵییدا هاتبوو.
لەپاش ئەم بڕیارانە دادگاى فیدراڵى ئیدى ناوێکى ئاشنایە بە خەڵکى باشورى کوردستان، زۆرجار بۆ یەکلایکردنەوەى هەر پرسێک هەم لە ناوخۆى باشور و هەم لە دەرەوە هەریم پەناى بۆ دەبرێت.