کاتێک لافاو و زریانی بەهێز دای لە شاری درنە و هەموو شتێکی لەگەڵ خۆی ڕاماڵی، جیاواز لەو کارەساتە مرۆیی و ژمارە زۆربەی قوربانیان، بە پێوە وەستانی ئەم خانووە سپییە، سەرنجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانی راکێشا.
لافاوەکە کە دوو هەفتە لەمەوپێش بەهۆی داڕمانی دوو بەنداوی نزیک شارەکە بەهۆی زۆری بارانی زریانی دانیاڵەوە، دەیان خانوو و باڵەخانەی لەمە گەورەتری لەگەڵ خۆی برد، بەڵام ئەم خانووە هێشتا بە پێوە و بەبێ زیانێكی ئەوتۆ ماوەتەوە.
زۆرێک پێیان وابوو ئەم وێنەیە راست نییە و ساختەکراوە، بەڵام لە راستیدا ئەو خانووە و چیرۆكەكەی و وێنە و ڤیدیۆكانیشی راستە، دوای ئەوەی كەناڵی جەزیرە پشتراستیكردەوە و قسەی لەگەڵ ئەو فۆتۆگرافەرەش كرد كە وێنەكەی گرتووە.
بەپێی كەناڵەكە، فۆتۆگرافەری لیبی وەلید تالب وێنەی خانووەكەی گرتووە و چیرۆكی گرتنی وێنەكە وەها دەگێرێتەوە كە ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو بەفلای كامێك وێنەی خانووەكەی گرتووە، لەوكاتەی سەرقاڵی تۆماركردنی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی و وێنەیەك بووە لە شاری دێرنا.
ئەو باسی لەوەش كردووە، خۆی بۆ گرتنی وێنەی ئەو خانووە نەچووەو سەرقاڵی كاری تر بووە، بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەكان وەك خۆی تۆمار بكات، بەڵام لەناكاو لەكاتی تۆماركردنی وێنەو ڤیدیۆ، ئەو خانووەی بینیوەو سەرنجی راكێشاوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بینیویەتی، لەناو ئەو وێرانەیە، چۆن ئەو خانووە بە پێوە ماوە.
ئەو فۆتۆگرافەرە لە بەندەری درنە خەریکی وێنەگرتن بووە، كاتێك وێنەی ئەو خانووەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردووەتەوە، سەرنجی زۆرێك لە خەڵكی راكێشاوەو كاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و جیهانی بەدواوە هاتووە.
ئێستا ئەوەی بووەتە جێگەی پرسیار ئەوەیە، چی وایکردووە ئەم خانووە بەو شێوەیە بمێنێتەوەو هیچ زیانێكی پێنەگات؟ لەكاتێكدا لە دەوروبەریدا هیچ شتێك بە پێوە نەماوە بەهۆی زریان و لافاوەکەوە کە 11 هەزار و 470 مردوو تۆمارکراون و 10 هەزار و 100 کەسیش بێسەروشوێنن، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە نییە كە هۆكارەكەی چییە.
هەندێک دەڵێن، ئەو خانووە تازە دروستكراوە و شێوازی دروستكردنەكەشی زۆر باش بووە، هەندێكی تریش وەك موعجیزەیەك باسی دەكەن و تەنانەت ئێستا چیرۆكی سەیریش لەبارەیەوە دەگڕێنەوە و وەك ئەفسانەیەك باس دەكرێت.