زووم:
سەنتەری پزیشكی زانكۆی تەیموری ئەمریكا، ئاشكرای كرد كە دوو پزیشكیان دڵی بەرازیان بۆ نەخۆشێك چاندووە، كە ماوەیەكی زۆرە بەدەست نەخۆشی دڵەوە دەناڵێنێت، هەرچەندە نازانرێت تا چەند نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو دەبێت، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو بێت، ئەوا پێشكەوتنێكی بێ هاوتا لەو بوارەدا دێتە دی.
ڕۆژنامەی” نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكا،ئاشكرای كرد، ئەمە دووەمین نەشتەرگەری هاوشێوەیە، دوای ئەوەی نەخۆشی یەكەم بە ناوی دیڤید پێنیت تەمەن(57) ساڵ، دوای دوو مانگ لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەی گیانی لەدەستدا،هەرچەندە دڵی بەرازەكە بە باشی كاری دەكرد و هیچ ئاماژەیەكیش نەبوو، بۆ ئەوەی ئەندامانی جەستەی نەخۆشەكە دڵەكە ڕەتبكەنەوە.
سەنتەرەكە لە بەیاننامەیەكیدا، ئاشكرای كرد نەخۆشی دووەم ناوی لۆرانس ڤۆسیتە و تەمەنی 58 ساڵە، پێشتر سەربازی هێزی دەریایی ئەمریكا بووە، هاوسەرگیری كردووە و باوكی دوو منداڵە،ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو نەشتەرگەری چاندنی دڵی بەرازی بۆكراوە،” تەندروستی باشە و لەگەڵ كەسوكارەكەی قسە دەكات”.
نیویۆرك تایمز ڕوونی دەكاتەوە، كەچەندین ساڵە نەخۆشەكە بەدەست نەخۆشی درێژخایەنی دڵەوە دەناڵێنێت، هەروەها بەهۆی نەخۆشیەكەیەوە توشی چەندین كێشەی دیكەی تەندروستی بۆتەوە.
لۆرانس ڤۆسیت پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەی وتی:” بەلایەنی كەمەوە ئێستا هیوا و چانسێكم هەیە، بەهەموو توانامەوە دەجەنگم بۆ ئەوەی هەناسە بدەم”.
ئاشكراشی كرد، خۆی دەزانێت ئەمە ” موعجیزەیە”، ئەگەر لە نەخۆشخانە دەربچێت، موجعجیزەیەكی دیكەشە، ئەگەر چەند مانگ و ساڵانێكی زۆری تر لە ژیاندا بمێنێتەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چاندنی ئەندامانی جەستە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی رۆژنامەی ناوبراو، سیستمی بەرگری مرۆڤ كەمتر ئەندامانی ئاژەڵ ڕەتدەكاتەوە.
ساڵی ڕابردوو، بەشی نەشتەرگەری زانكۆی ماریلاندی ئەمریكا، نەشتەرگەری چاندنی دڵی بەرازی بۆ پیاوێكی دیكە ئەنجامدا،بەڵام دوای دوو مانگ بەهۆكارێكی نەزانراو ئەندامە چێندراوەكە لە لێدان كەوت، بەڵام بووە ئەزمونێك بۆ كاری داهاتوو.
هەر لەسەر چاندنی ئەندامانی جەستەی بەراز بۆ مرۆڤ، ئاژانسی ” ئاسۆ شەیتد پرێس” ئاشكرای كرد، كە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، كۆمەڵێك توێژەری بواری نەشتەرگەری كۆتاییان بە كارێكی كلینیكی خۆیان هێنا، كە هەستابوون بە چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ نەخۆشێك كە لە حاڵەتی مردنی مێشكدا بوو، نەشتەرگەرییەكەش سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بۆیە ئەم تاقی كردنەوەیە ڕێگا بە پزیشكەكان دەدات، هەمان نەشتەرگەری بۆ كەسانی زیندوو ئەنجام بدەن.