٢٣ـى سێپتەمبەر، ساڵڕۆژى کۆچى دوایی زیگمۆند فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩)، دەروونشیکارى گەورەى نەمسا و جیهانە. فرۆید بە “باوکى دەروونشیکارى” دادەنرێت، واتە بە دامەزرێنەرى ئەو لقەى دەروونناسى کە سنورەکانى دەروونناسیی باوى تێپەڕاند و چەمکى نەست (نائاگایی) دۆزییەوە و چەندین دەیە کارى چڕوپڕى لەسەر کرد. فرۆید لە خێزانێکى جوولەکەى چینى ناوەڕاست هاتەدونیاوە، ئەویش لەو بەشەى ئیمپراتۆرییەتى نەمسا کە ئەمڕۆ دکەوێتە کۆمارى چیکەوە. فرۆید سەرەتا وەک پزیشکى دەمارناس دەستى بە کارکرد، بەڵام دواتر لەسەر دەروونشیکارى گیرسایەوە- واتە لەسەر ئەو زانستەى کە هەر خۆى بنیاتینا و ژمارەیەک کتێب و وتارى لەسەر بڵاوکردەوە. یەکەم کارى دیاریشى کتێبى “لێکدانەوەى خەونەکان”ـە کە لە میانى ساڵانى ١٨٩٩-١٩٠٠دا چاپ و بڵاویکردەوە. دواى ئەوە بەنۆرە ژمارەیەک کتێبى گرنگى ترى نوسى کە دەروونشیکاریی کردە کایەیەکى نوێ و سەرنجڕاکێش لە سەدەى بیستەمدا.
فرۆید، دۆزەرەوەى نەستە. لە کۆى کتێبەکانیدا هەموو چالاکییەکانى مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە سەر ئەو بەشەى کۆئەندامى دەروونى کە پێى دەوترێت نەست (نائاگایی). تا ئەودەم، مێژووى بیرکردنەوەى مرۆف لەسەر ئەوە وەستابوو کە “ئاگایی” سەرەکیترین بەشى کەسایەتیى مرۆڤە، بەڵام فرۆید ئەو بەشە تاریک و نهێنییەى ناو کەسایەتى و دەروونى مرۆڤیشى دۆزییەوە کە ڕووبەرەکەى لە ئاگایی زیاترە. بەڵگەش بۆ هەبوونى نەست، زۆر دیاردەى ناو ژیانى مرۆڤە. خەونەکانى شەوانە، نوکتەکان، هەڵەکان، لەدەمدەرچوونەکان و لەدەستدەرچوونەکان، بەشێک لەو ڕیگایانەن کە نەست خۆى تیا دەردەخات. ئەو دەیوت “خەونەکان شاڕێى نەستن”، واتە نەست لەڕێگەى خەونەکانى شەوانەى مرۆڤەوە خۆى دەردەخات و تێدەگەین لەپشتى ژیانى بێدارییەوە، هەرێمێکى تاریکى کەسایەتى نوستووە. دەربڕینى “شاڕێ”، واتە ئەو ڕێگایەى کە پاشاى ڕێگاکانە و دەمانگەیەنێتە شوێنێکى پاشایانە و سەرەکى. ئەم شوێنە لە مرۆڤدا نەستە، نەست پاشاى دەروونە، ئاگایی سەرگەورە و پاشاى دەروون نیە. تەنانەت ئێمە لە خەونەکانماندا، ئێمە دەروونپەشێوین، واتە کەسایەتییمان تووشى تێکچوونێک دێت کە لەکاتى بێدارییدا ئەم تێکچوونە لەڕێگەى کۆمەڵێک میکانیزمەوە دەشارینەوە و ئاگایی وەک دەمامکێک بەسەر ئەم تێکچوونە نەستەکییەوە کاردەکات. فرۆید پێشى وابوو بەشێک لە تاوانەکان، کارى نەستن. تەنانەت خۆکوژییەکان و تێکدارنى بەختەوەریی مرۆڤ خۆیشى بەدەستى خۆى هەر کارى نەستە. نەست وەک بێگانەیەک لەناو دەروونى مرۆڤدا نوستووە و سەرەتاتکێیەتى خۆى دەربخات.
فرۆید بە داڕێژەرى تیۆرى “گرێى ئۆدیب”یش ناسراوە. ئۆدیب ناوى ئەو پاشا یۆنانییەیە کە باوکى خۆى کوشت و دایکى خۆى مارەکرد. فرۆید دەڵێت هەموو مناڵێک و هەموو مرۆڤێک بەم گرێیەدا تێدەپەڕن. هەموو مناڵێک دایکى خۆى خۆشدەوێت و ڕقى لە باوکێتى، چونکە دایکى ئەمى وەک مەعشوقێک داگیرکردووە. پاشان بەهۆى هەڕەشەى باوکەوە دووردەکەوێتەوە و ناچارە ڕوو لە ژنێکى تر بکات. ئەم دوو هەستە، لە مرۆفدا زۆر ئاشکرا و ئاگایانە نین، بەڵکو نەستەکى و نائاگایانەن. بۆیە لە ئوستورەى ئۆیبدا، کاتێک ئۆدیب تێدەگات لەگەڵ دایکى خۆى خەوتووە، هەست بە گوناه دەکات و لە سزاى ئەمەدا چاوێکى خۆى کوێردەکات. بەپێى فرۆید، ئەم خۆکوێرکردنە، جۆرێکە لە خۆخەساندن، واتە لەجیاتیی ئەوەى باوکى بیخەسێنێت، ئۆدیب خۆى ئەم سزایە بەسەر خۆیدا پیادەدەکات. گرێى ئۆدیب لە پڕ مشتومڕترین تیۆرەکانى مێژووى فیکرى هاوچەرخە. لەسەرەتادا نەیارى زۆر بوو، لە دیندارانەوە تا کۆنەپارێزانى کەلتورى، بەڵام دواتر وردەوردە لە کەلتورى ئەورووپییدا جێى خۆى کردەوە و لایەنگرێکى زۆرى پەیداکرد.
فرۆید لە تیۆرێکى ترى خۆیدا کە پەیوەستە بەم تیۆرانەوە، کەسایەتیی مرۆڤى بەسەر ئیگۆ و ئید و سوپەرئیگۆدا دابەشکرد: ئیگۆ واتە کەسایەتیی ئێمە کاتێک لە واقیعدا مامەڵە دەکەین، ئید واتە غەریزە و پاڵنەرە و ئارەزووە شاراوەکانمان کە ڕیشەیان لە نەستدایە، سوپەرئیگۆش واتە ئەو یاسایانەى دایکوباوک کە دەچنە دەروونمانەوە و بۆ هەمیشە پەیڕەویاندەکەین (دواییش دەبنە یاساى ناو کۆمەڵگا وەک یاساى قوتابخانە و مامۆستاکان، یاساى هاتوچۆ، یاساى سەرپەرشتیاران و ڕاهێنەران و هەرکەسێکى تر کە جێى باوک دەگرێتەوە). بە دەربڕینێکى تر، هەرکەسێک لەم سێ بەشە پێکهاتووە و هەر بەشەش لەگەڵ ئەویتریاندا لە ململانێدایە. فرۆید بەم ململانێیەى ناو دەروون و کەسایەتیی مرۆڤى دەگوت “شەڕى ناوخۆ”، واتە ئەو شەڕە ناوەکییەى کە لە سێ لاوە مرۆڤ ڕادەکێشن.
فرۆید ژمارەیەک کتێبى گرنگى نوسیوە لەوانە: شارستانییەت و ناکامییەکانى، تەوتەم و تابۆ، ئیگۆ و ئید، داهاتووى وەهمێک، لەودیو پرەنسیپى چێژەوە، پاڵنەرەکان و چارەنووسیان، سێ تیۆر دەربارەى سێکسوالیتە. بەشێک لە کارەکانى تیۆرى و کلینیکیین، بەشێکى تریشى بۆ بازنەى فراوانترى خوێنەران دەگونجێن. فرۆید لە کۆتایی ژیانیدا لە سەردەمى نازییەکاندا ئاوارەى لەندەن بوو، نزیکەى ساڵێک لەوێ مایەوە، بەڵام بەر لەوە تووشى شێرپەنچەى شەویلگە ببوو و پاش ژمارەیەکى زۆر نەشتەرگەرى لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا هەڵیکردبوو. ئەو تا کۆتاساتەکان دەستى لە نوسین و بیرکردنەوە هەڵنەگرت. ڕۆژى ٢٣ـى سێپتەمبەرى ساڵى ١٩٣٩ لە تەمەنى هەشتا و سێ ساڵییدا کۆچى دوایی کرد، و خۆڵەمێشەکەى لەوێ هەڵگیرا. فرۆید لەپاڵ کۆپەرنیکۆس و دارویندا، خۆى بە سێیەم کەس دەزانى کە زەبریان لە خودئەڤینیی مرۆڤ داوە و دەریانخستووە بوونەوەرێکى هەڵوەشاوەیە لەناو جیهانێکى تەنیادا کە ڕیشەیەکى پیرۆزى نیە و دەشێت لە تایپێک مەیمونەوە هاتبێت.