لە سیمینارێکدا لە شاری نیویۆرک کە هەردوو دەزگای مۆنیتۆر و سیمافۆری ئەمریکی رێکیانخستبوو، سودانی کۆمەڵێک باسی وروژاند و رایگەیاند پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت.
سودانی لە قسەکانیدا باسی لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرد و رایگەیاند، کێشەی پارەدارکردنی هەرێم پەیوەستە بەو گرفتە داراییانەی پێشتر رووبەرووی هەرێم بوونەتەوە، دوای وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم قوڵتربوونەتەوە
سودانی گوتی، هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەشێکی گرنگی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتن کە حکومەتیان پێکهێناوە، بەغداد بە بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ هەولێر کردووە، هەرێم بەشێکی دانەبڕاوی عێراقە و بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و ئەخلاقیمان لەئەستۆیە بەرامبەر هاوڵاتیانمان لە هەرێم هەر وەک بەرامبەر هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
سودانی دەڵێت، دوای سەردانی شاندەکەی هەرێم بەغداد کێشەکەی چارەسەرکرد و چارەسەرەکەش لە بەغدادەوە هەڵقوڵا نەک لە دەرەوە.
سودانی ئەمەی وەک وەڵامێک بەکارهێنا بەرامبەر ئەو قسانەی دەگوترا بەغداد فشاری ئەمریکای لەسەرە بۆ چارەسەری مووچە فەرمانبەرانی هەرێم.
سودانی دەڵێت تا کۆتایی ساڵ پرۆسەی پارەدارکردنی هەرێم بەردەوام دەبێت، پێش کۆتایی هاتنی ساڵ پاکتاوی دارایی دەکەین لەگەڵ هەرێم.
سودانی گوتی کێشەی ئێمە لەگەڵ هەرێم قەیرانی سیاسی نیە، بەڵکو تەنها گرفتی داراییە.
دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سودانی رایگەیاند، تورکیا پێی گوتین کێشەیەکی هونەری هەیە و چاوەرێی ئەوەین دڵنیامان بکەنەوە.
سودانی گوتی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیا پێشێلی رێککەوتننامەی ساڵی 1973ی نێوان هەردوو وڵاتە.
سودانی دەڵێت، عێراق رۆژانە 470 هەزار بەرمیل نەوت لەدەستدەدات بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی جەیهان، ئەمەش کاریگەری زۆری خستووەتە سەر داهاتەکانمان.
سودانی دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و ئیران رایگەیاند، دەوڵەتی عەرەبی هەیە پەیوەدی ستراتیژی لەگەڵ هەردوو وڵات هەیە، بۆچی عێراق نابێت هاوسەنگی بپارێزێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە؟
سودانی گوتی، ئێران لە ساڵی 2003وە پشتگیری پرۆسەی سیاسی عێراقە و ئەمریکاش هاوبەشی ستراتیژیمانە، لەسەر ئەو بنەمایەش پەیوەندییە هاوسەنگەکەمان بنیات دەنێین.
سودانی دەڵێت، عێراق رۆڵی هەبووە لە یەکنزیککردنەوەی تێڕوانینەکان و نامانەوێت وڵاتەکەمان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان.
دەربارەی دۆسیەی غاز، سودانی گوتی دەمانەوێت بینە وڵاتی هەناردەکاری غاز، داوا لە کۆمپانیا ئەمریکیەکان دەکەم بێنە ناو بازاڕی عێراقی بەتایبەت بازاڕی ووزە