حکومەتى تازەى عێراق دەست بۆ جێبەجێکردنى بڕیارێک دەبات، کە چەندین ساڵە لە کابینەکانى پێشوودا هەبووە، بەڵام بە هەڵواسراوى ماوەتەوە و جێبەجێنەکراوە، ئەویش بلۆککردنى ماڵپەرە سێکسییەکانە.
میدیایی فەرمى حکومەتى عێراق بڵاویکردەوە، بە فەرمانى راستەوخۆى هەییام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکان، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 400 ماڵپەڕی سێکسیی بلۆککراون و وەزیر بڕیاریداوە سەرجەم ماڵپەڕە سێکسییەکانى دیکە بلۆک بکرێن.
وێنەى رووت کە بە ئیرۆتیکا ناسراوە، مێژووییەکى کۆنى هەیە و لەگەڵ مێژووى نووسین و هەڵکۆڵین ئەویش دەرکەوتووە، بەڵام ئەم دەستەواژەیە زیاتر لە بوارى هونەردا بەکارهاتووە و لە رۆژگارى ئەمڕۆدا زیاتر بە “پۆڕنۆگرافیک” ناسراوە پاشئەوەى کە پەلیکێشا بۆ نێو دنیاى قازانج و بازرگانى.
بەرهەمهێنانى یەکەم فیلمى پۆڕنۆگرافیک دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدە، کاتێک لە ساڵی 1896 دەرهێنەری فەڕەنسی ئەلبێرت کریچنەر، فیلمێکی حەوت خولەکی بەرهەمهێنا.
ئەمریکا بە وڵاتی بڵاوبوونەوە و کانگاى ئەم بازرگانییە دادەنرێت، دەرچوونى گۆڤاری (پلەی بۆی) لە ئەمریکا لە ساڵانی پەنجاکانى سەدەی رابردودوودا، وەکو سەرەتایەک بۆ بازرگانی پۆرنۆ هەژمار دەکرێت، لەگەڵ زیادبوونی گۆڤار و بڵاوکراوە پۆرنەکان، رۆبن ستیرمان وەک ناوێکی دیار لەم بازرگانییەدا ناوی دەرکەوت، کە لە ساڵانی حەفتاکاندا خاوەنی زیاد لە 200 فرۆشگای تایبەت بە فرۆشتنی بڵاوکراوە پۆرنەکان بووە.
گەشەسەندنى تەکنەلۆجیا و بڵاوبوونەوەى ئینتەرنێت لە ساڵانی نەوەدەکاندا، ئەم بازرگانییەى بردە قۆناغێکی دیکەوە، سەرەتا لە رێی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانەوە بڕێک پارە لە بری بەشداریکردن و کردنەوەی کەناڵەکان وەردەگیرا، پاشان لە سەرەتای ساڵانی 2000 و ئاسان بەردەستبوونی ئینتەرنێت، رێگاکان بۆ راکێشانی بینەر زیادی کرد.
لە رۆژگارى ئێستاشدا کردنەوە و سەیرکردنى زۆرینەى ماڵپەرە پۆرنەکان بێبەرامبەرە و بێ هیچ مەرجێک رێگە بە هەموو کەس دەدەن بینەری بابەتەکانیان بن، لە بەرامبەردا ریکلامی بازرگانی بەشێکە لە ناوەڕۆکەکانیان و بینەر ناچار دەکەن تەماشاى ریکلام بکەن.
هەرچەندە داتایەکی ورد سەبارەت ژمارەی کۆمپانیاکانی ئەم بوارە و داهاتیان لە بەردەستدا نییە، بەڵام وەکو یەکێک لە زەبەلاحترین بازرگانییەکانى ئەم سەردەمە هەژمار دەکرێت، بە گوێرەى داتای کۆمپانیای IBIS تەنها لە ئەمریکادا 103 کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی پۆڕنۆگرافیک هەیە.
رۆژنامەی بەریتانی “سپێکتەیتەر” ئاماژەى بەوەداوە داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکانی بواری پۆرنۆگرافیک دەگاتە 90 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا داهاتی ساڵانەی هۆڵیود تەنها 10 ملیار دۆلارە، هەر بە پێی رۆژنامە بەریتانییەکە، ژمارەی سەردانیکردنی تەنها یەکێک لە ماڵپەڕە دیارەکانی بواری پۆرن، ساڵانە 23 ملیار تێدەپەڕێنێت.
ئاژانسی CNBCی ئهمریكی تایبهت به ههواڵی ئابوری، له راپۆرتێكدا ئاماژهى بەوەداوە قازانجی فیلمی پۆرنۆ، زیاتر بووه له قازانجی خولهكانی تۆپی سهبهته و تۆپی پێی ئهمریكی و بهیسبۆڵ كه پڕ قازانجترین سێ خولی وهرزشین له ئهمریكا و بهشێكی گهورهی داهاتی وڵات پێكدههێنن.
مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ پۆرنۆگرافیک
لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان مەرجی تەمەن دانراوە و پاکێجی جۆراوجۆر هەیە بۆ پاراستنی منداڵان و خێزان لە ماڵپەڕە پۆرنۆگرافیکییەکان.
لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو (سعودییە، ئێران، تورکیا، سوریا، ئەفغانستان و یەمەن) بە شێوازی جۆراوجۆر کردنەوەی ماڵپەرە سێکسییەکان قەدەغەکراون، بەڵام وێڕاى ئەوە هێشتا نەیان توانیوە بەتەواوی ئەم ماڵپەڕانە قەدەغە بکەن بەهۆی بوونی چەندین تەکنیک و پرۆگرام لەلایەک و لە ژماردن نەهاتنی ماڵپەڕەکان لە لایەکی دیکەوە.
لە عێراق چەندینجار لە پەرلەمان و حکومەت بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی ماڵپەڕە پۆرنەکان، بەڵام جێبەجێنەکراوە، تا هەییام یاسری وەزیری نوێی پەیوەندییەکان کە بڕیاریدا بە پێکهێنانى لیژنەیەکى هونەریی بۆ ئەم بابەتە و لە ماوەى دوو رۆژى رابردوودا سەدان ماڵپەرى بلۆککردووە.
لە هەرێمی کوردستانیش چەندین ساڵە ئەم داواکارییە هەیە، بەڵام لە مانگی ئابی ئەمساڵدا ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێم رەتیکردەوە بڕیارى قەدەغەکردنى تەواوەتى بدرێت و رایگەیاند، وەزارەتەکەی کۆمپانیاکان ناچار دەکات بە پێشکەشکردنی پاکێجی خێزانی.
وەکو ئەو دەڵێت لە ناو پاکێجی خێزانی، ماڵپەرە پۆرنەکان قەدەغەکراون، خێزان خۆی سەرپشکە لە هەڵبژاردنی ئەم پاکێجە بۆ ئینتەرنێتەکەی.