زووم، ئاژانسەکان
دۆستایەتى و نێوانى پۆڵەندا و ئۆکراین، درزى تێکەوت، ئیدى چەکى پۆڵەندا ناگات بە دەستى سەربازەکانى ئۆکراین، هۆکارەکەش پرسی هەناردەى دانەوێڵەیە.
ماتیوس مۆراویکی، سەرۆکورەزیرانی پۆڵەندا، دەڵێت، لەبری ئەوەی چەک بۆ ئۆکراین بنێرین، خۆمان بە چەکی مۆدێرن پڕچەک دەکەین.
پۆڵەندا لەسەرەتای هێرشەکانى روسیاوە، پشتیوانێکی بەهێزی ئۆکراینى دراوسێى کردووە، بەڵام ئێستا کیێڤ و وارسۆ لە ناکۆکییەکی تونددان، ناکۆکییەکەش ئەوکاتە سەریهەڵدا، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەشێک لە وڵاتانی نێو یەکێتی ئەوروپا هاوردەکردنى دانەوێڵەى ئۆکراینیان راگرت. ئەوەش بەمەبەستی پاراستن و گەرەنتیکردنی بازاڕى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى خۆیان.
پێش چەند رۆژێک یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، قەدەغەی هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکراین هەڵدەپەسێرێت و رێگە بۆ هەناردەی دانەوێڵە دەکاتەوە، بەڵام پۆڵەندا و هەنگاریا و سلۆڤاکیا بەو بڕیارە رازی نین و پابەند نابن بە بڕیارەکەوە و بەردەوام دەبن لە سنوردارکردنى هاوردەى دانەوێڵەی ئۆکراین.
ئۆکراین دژى ئەو سێ وڵاتە سکاڵاى تۆمارکردووە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی وڵاتەکەش لە کۆبوونەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانییەکانی باسکرد و گوتى، ئەم دۆخە جێگەی نیگەرانییە، ئەو وڵاتانەی تێوەگلاون سەکۆی شانۆ بۆ شانۆکارێکی مۆسکۆ رێکدەخەن.
پۆڵەندا هەر زوو گوتەکانی زێلێنسکی رەتکردەوە و باڵیۆزی ئۆکراینی بانگێشتکرد بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی توندنی پێڕابگەیەنێت.
پاوڵ جابلۆنسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا قسەکانى زێلێنسکی بە “ناراست وەسفکرد و دەڵێت، فشارخستنەسەر پۆڵەندا لە کۆنگرە فرەنەتەوەییەکانی جیهان و بردنی گلەیی و رەخنەکان بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان رێگای گونجاو نین بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی نێوانمان.
ئەو دەڵێت، ناکرێت ئۆکراین دانەوێڵەی خۆی بخاتە نێو بازاڕەکانی پۆڵەندا و گوێ بە جوتیارەکانى ئێمە نەدات.
پۆڵەندا، وەک یەکێک لە ئەندامانی ناتۆ لە سەرەتاى هێرشەکانى روسیاوە بە چەکی قورس و پێشکەوتوو هاوکاریی ئۆکراینی کردووە. بەهاری ئەمساڵیش یەکەم وڵاتی ناتۆ بوو، کە فڕۆکەی جەنگی بۆ کیێڤ نارد، مانگی رابردووش بڕیاریدا فرڕۆکەی ئێف 16ـى بۆ بنێرێت.
پۆڵەندا تاوەکو ئێستا بە بەهاى چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازیی و دارایی و مرۆیی بۆ ئۆکراین ناردووە، ملیۆنێک و 600 هەزار پەنابەریشى لەخۆگرتووە