لە ناوەڕاستى مانگى ئەیلول (سێپتەمبەر)دا, جیهان یادى ڕووداوێک دەکاتەوە کە ڕووداوى گاندى, یان بڵێین نەریتى ناتوندوتیژیی گاندییە. مەهاتما گاندى (١٨٦٩-١٩٤٨) لە گەورەترین کەسایەتییەکانى هندستان و مێژووى جیهانە. لە یەکەم بەرکەوتنمان بە ناوى گاندى، سەرکردەیەکى ڕۆحى و پاشان سیاسییمان بیردەکەوێتەوە کە خەباتى بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەى کردووە لەڕێگەى ئارام و مەدەنییەوە. خۆدوورگرتن لە توندوتیژى، بیرۆکەیەکى دێرینە و لە مێژووى دینە زەمینى و ئاسمانییەکانیشدا هەبووە، لە خودى زمانى سانسکریتدا، وشەیەکى وەک “ئا-هیمسا” هەیە کە گوزارشت لە “ئازار-نەگەیاندن” دەکات بەوانیتر، بەڵام لە دونیاى مۆدێرندا، گاندى بەشێوەیەکى بەرفراوان ئەم بیرۆکەیە دەخاتە خزمەتى خەباتێکى سیاسیی بەکۆمەڵەوە. بۆ نمونە، گاندى ئەم بیرۆکەیەى خستە خزمەتى خەباتى نەتەوەیی و ڕەگەزى و چینایەتییەوە. گاندى خۆى بەخاکەڕاییەوە لەم ڕووەوە دەڵێت “شتێکى نوێم نیە فێرى دونیاى بکەم، مەسەلەى هەق و نەرمڕەفتارى هێندەى چیاکانى دونیا کۆنن”،
گاندى لە خێزانێکى مامناوەندى هندۆسى لە ویلایەتى گوجارات لەدایکبوو، لە تەمەنێکى زۆر زوودا، لە سیانزە ساڵىدا، هاوسەرگیرى دەکات، لە نۆزدەساڵى دەچێتە بەریتانیا، یاسا دەخوێنێت، دواتر دەگەڕێتەوە و بە فۆرمى جۆراوجۆر خەبات دژى داگیرکەرانى جیهانى سێیەم دەستپێدەکات. هندستان لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەوە بۆ ناوەڕاستى سەدەى بیست، لەژێر کۆنترۆڵى دەسەڵاتى ئینگڵیزدا بوو، بەر لە دەسەڵاتى ڕەسمى، هندستان بەدەست کۆمپانیایەکى بازرگانییەوە بوو بەناوى کۆمپانیاى هندى خۆرهەڵاتى. جێى بیرخستنەوەیە کە بەر لە گاندى چەندین بەرەنگارى دژ بە ئینگڵیزەکان خرابوونەڕێ، بەڵام لە گاندى دا گەیشتە لە ساڵى ١٨٤٧ ئەنجامى خۆى و هندستان سەربەخۆیی وەرگرت، بەدیاریکراوى گاندى لەنێوان ساڵانى ١٩١٨ بۆ ١٩٤٥ دەستیدایە ژمارەیەکى جیاجیا چالاکى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئینگڵیزەکان، لەوانە: بایکۆتکردنى کاڵاوشمەکى ئینگڵیز، مانگرتن لە خواردن، خۆتوندکردن لە زیندان، ڕێپێوانى درێژ، نافەرمانیی مەدەنى و هتد. گاندى دواى خۆى کاریگەریی هەبووە لەسەر زۆر کەسایەتى و جووڵانەوەى تر لە چەشنى: ماندێلا لە باشورى ئەفریقا، مارتینگ لووسەر کینگ لەناو ڕەشپێستانى ئەمریکا، خۆیشى کاریگەریی لە کەسایەتیگەلى وەک مەسیح و تۆڵستۆى وەرگرتبوو. گاندى وەک زۆر ڕێبەرى مەعنەویی ترى جیهان، خۆى لە خواردنى گۆشتى گیانەوەران دەپاراست و خووى دابووە ڕووەکخۆرى، ئەو دەیویست بیرى نا-توندوتیژى، بەرامبەر ئاژەڵانیش پیادەبکات.
دیارە توندوتیژى، تەنیا دیاردەیەکى سیاسى نیە، بەڵکو دیاردەیەکى ئەخلاقى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و ویژدانییشە، زۆرێک لە بیریاران توندوتیژى بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکەن، توندوتیژیەکى ڕەوا و توندوتیژییەکى ناڕەوا. توندوتیژیی ڕەوا، زیاتر بەرگریکردنە لە خۆ، ئەویش بەرامبەر پەلامار و سڕینەوەى لایەنى بەرامبەر. گاندى لە دۆخێکدا بوو دەیتوانى ئەم جۆرەیان پەیڕەوبکات، بەڵام ڕێگاى ناتوندوتیژیی کردە سەرچاوەى هێزى خۆى. وەک میراتى مێژوویی، ڕۆژى دووى ئۆکتۆبەر، کە دەکاتە ڕۆژى لەدایکبوونى گاندى، ساڵى ٢٠٠٧ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کراوەتە ڕۆژى جیهانیی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى. گاندى نەک بۆ هندستان، بەڵکو بۆ جیهان بیریدەکردەوە و دەیویست مۆدێلێکى ناتوندوتیژ لە سیاسەتى مۆدێرندا پەیڕەوبکات، ئەو مرۆڤایەتیی وەک کۆمەڵێک ئەندام دەبینى کە ئازاردانى ئەندامێک، ئازار بە ئەندامەکانى تریش دەگەیەنێت (وەک ئەو دێڕە شیعرەى سەعدیی شیرازى کە لە بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵواسراوە). گاندى خۆى دەڵێت: نابێت بڕوا بە مرۆڤایەتى لەدەستبدەین، مرۆڤایەتى وەکو زەریایەک وایە، گەر دڵۆپێکى پیس بوو ئەوە بزانە هەموو زەریاکە پیس بووە. بەڵام هێشتاش گاندى نەیتوانى بگات بەو خەونە ئەخلاقییەى خۆى و خۆیشى بوو بە قوربانیی توندوتیژى، ئەو لە ڕۆژى ٣٠ـى جێنیوەریی ١٩٤٨ لەلایەن ناسیۆنالیستێکى هندییەوە بە سێ فیشەک تیرۆرکرا. بیانووى بکوژەکە ئەوە بوو گاندى بەهۆى بیرۆکەى “یەکێتیی ڕۆح”ـەوە، لەسەر حسێبى هندۆکان، سازشى زۆرى بۆ مسوڵمانەکان کردووە.