زووم
زیاتر لە 10 ساڵە نووسراوی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئاڕاستەی دەسەڵاتی عێراق كراوەو تائێستاش ئەو پرسە یەكلانەكراوەتەوە، كە بابەتەكە چەندێك پەیوەندی بە لایەنی یاسایی هەیە، ئەوەندەش پەیوەندی بە لایەنی سیاسی هەیە.
رۆژی پێنجشەممەی داهاتووش کۆتا دانیشتنی پەرلەمانی عێراقە لەمانگی ئەیلول و تا ئێستا دیار نییە، کە پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەخرێتە کارنامەی کۆبونەوە یان نا.
پێشتر بڕیاری لە كۆبوونەوەی رۆژی 18ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی ئەو دانیشتنەدا، بڕگەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هەڵگیرا.
ئەو هەنگاوە نیگەرانی فراكسیۆنە كوردییەكانی لێكەوتەوەو كۆبوونەوەكەی پەرلەمانیان بایكۆت كرد، دواتریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایانگەیاند، كە نیگەرانن لە دەرهێنانی بڕگەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
تا ئێستا فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان بەشێوەیەکی فەرمی کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی بڵاونەکردووەتەوەو دیاریش نییە ئەو بابەتە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی.
بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بۆ زووم گوتی: تائێستا دیارنییە، كە پەرلەمان بابەتی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەخاتە دەنگدانەوە یان نا.
بڕیار رەشید وتیشی: ئێمە لە هەوڵی خۆیان بەردەوامین و لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی تریش لەسەر خەتین، بەتایبەتی پەرلەمانتارانی شیعە، چونكە ئەگەر رەزامەندی ئەوانمان هەبێت بەدڵنیایی پرۆژە یاساكە تێدەپەرێنرێت.
پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رۆژی 19ی ئازاری 2023 لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراقهوه پەسەند کراوه، دواتر رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا بۆ ئهوهی پەسەند بكرێت، لەئێستادا پڕۆژهیاساكه خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوه.
بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق هۆكاری رێگری لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە ئەگەر هەڵەبجە ببێتە پارێزگار، ئەوە قورسیاییەكی زیاتر دەكەوێتە سەر حكومەتی عێراق و كێشەی ئەوەیان بۆ دروست دەبێت چەند قەزایەكی تر داوای بەپارێزگابوون دەكەن.
لەو بارەوە جاسم موسەوی پەرلەمانتاری عێراق بۆ زووم گوتی: ئەم كارە حكومەت تووشی ئیحراجی دەكات، چونكە دەبێت جارێكی تر پارەو خەرجی بۆ پارێزگایەكی نوێ دابین بكات، ئەمەش قورسایی دارایی لەسەر حكومەت زیاد دەكات.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: جگە لەوەش ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی چەند قەزایەكی تر، كە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە داوای بەپارێزگابوون بكەن، كە ئەمەش بارگرانی سەر حكومەت ئەوەندەی تر لەڕووی داراییەوە زیاد دەكات.
لەبەرانبەر ئەوەدا پەرلەمانتارانی كورد رەتیدەكەنەوە، كە بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەیوەندی بە بودجەو دروستكردنی بارگرانیبێت بۆ سەر حكومەت، بەڵكو هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە بەشێك لەلایەنەكان دەیانەوێت چەند قەزایەكی تر لەگەڵ هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا، بەتایبەتی قەزای تەلەعفەر، كە لایەنە شیعەكان داوای دەكەن.
بڕیار رەشید لەبارەی ئەو داواكارییەی لایەنە شیعەكان دەڵێت: بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەیوەندی بە هیچ شوێنێكی ترەوە نییەو ئەوەی هەیە تەنیا بیانوویەكە.
هەروەها گوتی: وەك پەرلەمانتارانی كورد كاری زۆرمان كردووەو بەردەوامیش دەبین لەو كارانە، تا ئەوەی بەزوویی بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەزوویی یەكلابكەینەوەو نەشهێڵین تێكەڵی هیچ پرسێكی تر بكرێت.
ئهگهر به پارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگی پێویست بهێنێت و پەسەند بكرێت، دهبێته بچووكترین پارێزگا له عێراق و هەرێمی كوردستانیش، كه ژمارهی دانیشتووانهكهی نزیكهی 135 ههزار كهسه و رووبەرەکەی هەزار و 599 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
ههڵهبجه له رۆژی 13ی ئازاری 2013 لەلایەن حكومهتی ههرێمی كوردستانهوه بە فەرمی کرایە چوارەم پارێزگای ھەرێم كە پێشتر رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆكی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کردبوو، بەڵام ناکۆکی نێوان شیعەکان و سوننەکان لەلایەک و هەولێر و بەغداد لەلایەکی دیکە بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی تازە