وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەتی لە سلێمانی لەئەستۆگرت و رایگەیاند، دژە تیرۆری یەکێتیی نیشیتمانیی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەناو فڕۆکەخانەکەدا مەشقیان کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا لەبارەى هێرشەکەی دوێنێ رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و درێژکراوەکانی دەکرێت لە عێراق، بەتایبەتی چالاکییەکانی کە لە هەرێمی کوردستان چڕبووەتەوە.
دەشڵێت، “پێشھاتەکانی ئەو هێرشەی لە 18ی ئەیلوول لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی ڕوویدا، جێی تێڕامانن”.
ھەروەھا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەوەی زانراوە کە لە کاتی هێرشەکەدا ئەندامانی گروپی دژە تیرۆری سەربە یەکێتی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بەیەکەوە مەشق و ڕاھێنانیان کردووە”.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: “لە ڕووی دەرکەوتنی ھاریکاریی ڕوون و ئاشکرای ھەندێک ھێزی ئەمنیی سەر بە یەکێتیی لەگەڵ ئەندامانی یەپەگە و پەکەکە، مەترسیدارە”.
باسی لەوەشکردووە کە بەم ڕووداوەی دوایی کە ڕوویدا، جارێکی دیکە “ڕاستیی ڕێوشوێنەکانمان پشتڕاست کرایەوە بەرامبەر سلێمانی” کە پەکەکە خەڵکی شارەکەی بە بارمتە گرتووە.
لە کۆتاییدا رایگەیاندووە: “چاوەڕوانی تورکیا لە حکومەتی ناوەندی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەوەیە پەکەکە و درێژکراوەکانی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی بناسێنن و ڕاستگۆیانە و بە شێوەیەکی بەرجەستە بەرەنگاری تیرۆریزم ببنەوە”.