ئەمڕۆ دواین وادەبوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆڵکراون.
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێکەوتنامەی ئەمنی نێوان عێراق وئێران بەیاننامەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاشکرایانکرد، بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە خاکی هەرێمی کوردستانن چۆڵ کراون و لە شوێنی ئەوان ھێزە عێراقییەکان جێگیرکراون.
بەگوێرەی بەیننامە ئەمنییەکە بێت عێراق پابەندی رێکەوتتننامەکە بووە.
بەیاننامەی لیژنەکە دەڵێت:” بەهەوڵی حکومەتی عێراق حکومەتی هەرێم و ئێران بەندەکانی رێککەوتننامەکە جێبەجێکراوە و بەتەواوەتی بارەگا سەربازییەکانی نزیک بە سنوری ئێران چۆڵ کراون، کە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدابوون.
بەگوێرەی بەیاننامەکەبێت، حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوری ئێران گواسراونەتەوە و دواتر چەک کراون.
بەیننامەکە دەڵێت چەککردنی حزبەکانی رۆژهەڵات بۆ ئەوەی کە لەمەودوا وەکو پەنابەر ھەژمار بکرێن”.
بەیاننامە ئەمنییەکەی عێراق و ئێران باس لەوەش دەکات کە” ھێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق بەشێوەیەکی ھەمیشەیی لە جێگەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیرکراون و ئالای عێراقیان ھەڵکردووە”.
عێراق دووپاتی دەکاتەوە، کە ئاسایشی سنورەکان بەرپرسیارێتیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵاتە، ئەو ڕێکەوتننامەیەش مەرجەعی چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەکە کە لە داھاتوودا سەرھەڵبدات، ھەروەھا گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەو ناکۆکییەکان رێگای دروستە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان”.
لە کۆتایشدا، لیژنەی باڵای جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنی ئەمنی عێراق ئێران دەڵێت” دوورخستنەوەی ئەو گروپانە و گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی دوورتر، ھەنگاوێگی گرنگە، ھەروەھا وا پێویست دەکات و بەرپرسیارێتی ئێمەیە بیانپارێزین و قۆناغەکانی دیکەی ڕێکەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت”، دواش دەکەن کە” ھەمووان لە لێدوانی نەرێنی دوور بکەونەوە و پاڵپشتی کاری ھاوبەش بکەن، کە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتی تێدابێت”.
هەر لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەکەوە ئێران دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی کە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بارەگاکانیان چۆڵکردووە، هەرچەندە بەیاننامەی لیژنەکە دەلێت بارەگاکانی چۆڵکراون، بەڵام رەنگە ئێران بیەوێت خۆی بارەگا چۆڵەکانی ببین و ئەوکات بگاتە یەقین کە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بارەگانیان چۆڵە.
لەوبارەیەوە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، بە کەناڵی ئەلعالەمی راگەیاندووە، عێراق و حکومەتی ھەرێم جدین لە جێبەجێ کردنی بەندی رێکەوتننامەی ھاوبەشی ئەمنی نێوان ھەردوو وڵات.
محمد کازم ئالصادق باڵیۆزی ئێران دەشڵێت:” تاران بەدواداچوون بۆ پرسی چەک داماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات دەکات و لیژنەیەکی ھاوبەش لە عێراق و ئێران بۆ بینینی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە سەردانی ناوچەکانی کوردستان دەکەن.
باڵیۆزی ئێران دەیەوێت میدیاکارانیش لەگەڵ شاندەهاوبەشەکەدا بن و ئەوانیش دیمەنی بارەگا چۆڵەکانی تۆماربکەن.