چین تۆمەتبارە بەوەی هەوڵی سیخوڕیکردنی داوە بەسەر کارمەندێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە پەکین لەڕێگەی شاردنەوەی ئامێرێکی گوێگرتنی نهێنی لەناو قۆرییەکی چایی کە لەلایەن خەڵکی چینەوە وەک “دیاری ماڵئاوایی” بە کارمەندەکە دراوە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی.
کارمەندەکە بە زە تایمزی گوتووە کە تاوەکو قۆرییەکە نەشکاوە، نەیزانیوە ئەو ئامێرەی تێدایە، سەرچاوەیەکیش بە ڕۆژنامەکەی گوتووە کە چینیەکان وەک دیاری ماڵئاوایی قۆرییە چاییەکەیان بەو کارمەندە حکومییە داوە، ئەویش پێیوابووە شتێکی زۆر دەگمەن و جوانە و لەگەڵ خۆی بردوویەتییەوە بۆ بەریتانیا.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، هەرجارێک ئەو فەرمانبەرە ژەمێکی چینی خواردبێت، ئەو قۆرییەی بەکارهێناوە، ڕۆژێک خەریکی شۆردنی قاپەکان بووە، قۆرییەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە و شکاوە، کاتێک ویستوویەتی پارچەکانی کۆبکاتەوە، بۆی دەرکەوتووە کە ئامێرێکی تۆمارکردنی دەنگی تێدا شاردراوەتەوە.
بەپێی زە تایمز، باسی ئەوە نەکراوە کە ئاخۆ ئەم قۆرییە هیچ زانیارییەکی نهێنی و هەستیاری تۆمارکردووە یاخود نا، بەڵام ئەمە دوایین هەوڵی چینە بۆ دزینی زانیاریی و نهێنییەکانی دەوڵەتی بەریتانیا.
هەر لەو بارەیەوە، رۆژنامەکە لەم مانگەدا بڵاویکردەوە، توێژەرێک لە پەرلەمانی بەریتانیا بە ناوی کریس کاش (تەمەن 28 ساڵ) بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ چین دەستگیرکراوە، بەو پێیەی وەک بەڕێوەبەری گروپێکی سیاسی کاریگەر بە زمانی چینی کاری کردووە کە لەلایەن تۆم توگێندهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیاوە بە هاوبەشی دامەزراوە.
بەڵام کاش کە خوێندنی تایبەتی خوێندووە و دوو ساڵ لە قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتی نزیک شەنگەهای وانەبێژی ئەدەبی ئینگلیزی بووە، پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە “بەتەواوی بێتاوانە”.
لە لایەکی دیکەوە، لێکۆڵینەوەیەک کە ڕۆژنامەی تایمز ئەنجامی داوە دەرکەوتووە کە سیخوڕێکی چینی تۆڕی کۆمەڵایەتی لینکیدئینی بەکارهێناوە بۆ ڕاکێشان و هەڵخەڵەتاندنی هەزاران بەرپرسی بەریتانیا بۆ ڕادەستکردنی نهێنی دەوڵەت لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر و گرێبەستی بازرگانی قازانج بەخش.
ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییە چینییە کۆمەڵێک ناوی نادیار و پەیجی ساختەی کۆمپانیاکانی دروستکردبوو بۆ بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی ئەمنی و کارمەندانی حکومەت و زانا و ئەکادیمیستەکان کە دەستیان بە زانیاری نهێنی یان تەکنەلۆژیای هەستیاری بازرگانی دەگات.
لەم چوارچێوەیەدا مێژوونووس و شارەزای ئاسایشی نەتەوەیی کاڵدەر واڵتۆن لە ڕۆژنامەی سەندەی تایمزدا نووسیویەتی کە دەوڵەتی چین “هێرشی سیخوڕی بۆ سەر بەریتانیا دەستپێکردووە و جیاوازە لە هەر هێرشێک کە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامی دەدەن، ئەم هەوڵانە فراوان و قووڵ و خێران و چەندین بواریان گرتووەتەوە.”