زووم:
دوای ئەوەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئازادکران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییەکە گەیشتنەوە ئەمریکا. ئەمەش دوای ئەو رێککەوتنە هات کە ئەمریکا و ئێران بەنێوەندگیریی قەتەر کردیان.
پێنج هاوڵاتییەکە دوێنی لە فڕۆکەخانەی دەوحە لە قەتەر دابەزین و دواتر لە گەشتەکەیان بەرەو واشنتن بەڕێکەوتن. لەبەرامبەر ئەمەشدا ئەمریکا بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ بڕی شەش ملیار دۆلاری ئێران دەرکرد، کە لە کۆریای باشور وەک بەشێک لە سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵاتە دەستی بەسەرداگیرابوو و بلۆککرابوو. سەرەڕای ئەوەش لە رێککەوتنەکەدا پێنج هاوڵاتی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە دەستەبەسەرکرابوون ئازاد دەکرێن.
پێنج هاوڵاتییەکە دەتوانن لە پرۆگرامێکی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشداری بکەن، کە تایبەتە بە ئاساییکردنەوەی دەرونیان بۆئەوەی بتوانن دووبارە بە ئاسایی لەگەڵ خێزانەکانیاندا بژین، چونکە پێشتر لە زیندانی تاکەکەسیدا بوون.
ئازادکردنی ئەم پێنج هاوڵاتییە کە دەگوترێت بە هەڵە دەستگیرکرابوون، وەک یەکێک لەو هەوڵە گرنگانە دەبینرێت لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە کاتێکدا لەماوەی رابردوودا هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەدی نەکراوە.
رێککەوتنەکە حەوت مانگ لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە قەتەر ئەنجامدراوە و وەک نیازپایی ماوەی پێنج هەفتە لەمەوبەر ئێران زیندانییەکانی لە بەندیخانەی ئەڤینی تاران هێنایە دەرەوە و لە خانوودا دەستبەسەری کردن.
دوێنی دووشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییانە دەربڕی و رایگەیاند، “ئەوان چەندین ساڵ خەم و ئازار و دوودڵی و نارەحەتییان چەشتووە.”
بایدن رەخنەشی لەهەموو ئەو بەرپرسانەی کۆمارییەکان گرت کە پێوان وابوو رێککەوتننامەکە پەیوەندی بە پێدانی سەرانەوە هەیە بۆ ئازادکردنی ئەو پێنج زیندانییە.
بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی بایدن رایگەیاند، ئەو رێککەوتننامەیە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیەکانمانی لەگەڵ ئێراندا نەگۆڕیوە و ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە لێپرسینەوە لە ئێران بۆ ئەو پێشێلکاریانەی لە دژی مافی مرۆڤ دەیانکات و بردەوام دەبێت لە دانانی سنور بۆسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی تاران.