زووم:
جارێكی تر بەرپرسانی بانكی فیدراڵی ئەمەریکا دەسەڵاتی دارایی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوەو مەرجی نوێیان بۆ داناون، بۆ ئەوەی ئەو بانکە ئەهلییانەی، کە قاچاغی بە دۆلارە دەكەن سزا بدرێن، بە پێچەوانەوە سنووردارکردنی ناردنی دۆلار بۆ عێراق بەردەوامدەبێت و سزای نوێش رادەگەیەنن.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی عەرەب، سەرچاوەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندی عێراق ڕایانگەیاندووە، هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر عێراقدا دوایین هۆشداری ئەمریکایە، چونكە واشنتۆن پێیوایە دەسەڵاتدارانی دارایی عێراق شکستیان هێناوە لەجێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵی تەواو توند لەسەر چالاکی بانكە ناوخۆییەكان، كە ئەمریكا لەكارەكانیان ناڕازییە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، کاربەدەستانی ئەمریکی دەڵێن: فرۆشتنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری رۆژانە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراق بەبێ هاوتاكردنی لەگەڵ هاوردەکردن، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە بەشێکی زۆری ئەم بڕە پارەیە دەچێتە دەرەوەی وڵات و بە پلەی یەکەمیش ئەو پارەیە بۆ ئێران دەچێت، جگە لەوەش زانیارییان هەیە، هەندێك لە بانكەكان هێشتا گرێبەستی ساختە پێشکەش دەکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی دۆلار لە پلاتفۆرمی بانکی ناوەندی و ئەو دۆلارەشی لەو رێگەیەوە دەستی دەخەن دەیبەنە دەرەوەی وڵات.
بەقسەی چاودێرانی ئابووری عێراق، زیاتر خستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە مەبەستی پاراستنی نرخی دینار خزمەت بە ئامانجەكەی ناكات و تەنانەت پێچەوانەكەشی بەدەستدێت، وەك ئەوەی ئێستا هەیە، كە نرخی فەرمی دۆلارێك بە هەزار و 350 دینارە، بەڵام بازاڕە ئازادەکان دۆلارێك بە نزیکەیی هەزار و 550 دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
چاودێران هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بەشێکی زۆر لەو دۆلارەی لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە دەخرێتە بازاڕەوە بۆ قاچاخچێتی و سپیكردنەوەی پارە دەڕوات، كە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر دابەزینی بەهای دیناری عێراقی، هەر ئەوەشە بووەتە جێگەی نیگەرانی ئەمریكا.
نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووری لەو بارەوە دەڵێت: سەردانەکەی ئەلیزابێس ڕۆزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ بەغدا تەنیا پەیوەندی بە هاوکاریکردنی بانکی ناوەندی عێراقەوە نەبووە لە هەوڵەکان بۆ سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، بەڵکو پەیوەندی بە هەڕەشەکردنی سزای نوێ بۆ سەر عێراق هەبوو، ئەوەش لە ئەگەری بەردەوامبوونی قاچاخچێتی دۆلار.
مەرسومی ڕوونیکردەوە، سەرەڕای ئەو چاکسازییانەی بانکی ناوەندی ئەنجامیاندا، بەڵام رۆژ بە رۆژ خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی زیاتر دەبێت و ئەوەش نیگەرانی ئەمریكای زیاتر كردووە.
بە گوتەی ئەو چاودێرە پڕنەكردنەوەی پێویستی بازاڕ پەیوەستە بە دوو هۆكارەوە، كە دەبێت بانكی ناوەندی بیگرێتە بەر، یەکەمیان ڕێگریکردن لە گواستنەوەی دارایی بۆ ئەو بانكانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە بەتایبەتی ئێران، دووەمیشیان، پڕكردنەوەی خواستی زۆری گەشتیارانی عێراقی، كە سەردانی ئێران دەكەن و دۆلار لەبازاڕی ئازاد بۆ گەشتەكانیان دەكڕن.