زووم:
كاردانەوەكانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت زیاتربوون و بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانیش ئەو هێرشە وەك هەوڵێك بۆ تێكدانی ئارامی هەرێمی كوردستان دەبینن.
ئێوارەی رۆژی دوو شەممە، هێرشێك كرایە سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی لە نزیك سلێمانی و بەپێی سەرچاوە فەرمییەكان بەهۆی هێرشەكەوە چەند ئەندامێكی هێزەكانی دژەتیرۆری كوردستان گیانیان لەدەست داوەو برینداربوون.
لە یەكەم كاردانەوەی بەرپرسانی یەكێتی لەسەر رووداوەكە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەتی بە کارێکی “تیرۆریستی” ناوبردو وتی: بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین
بافڵ تاڵەبانی وتیشی: ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە، کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێم و بەتایبەت سلێمانییە.
سەرۆكی یەكێتی لەبەرانبەر چەندبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە داوایەكی ئاراستەی لایەنەكان كردو وتی: ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین، هەروەها داوا لە وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازانیش كرد، هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگیانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوانە.
هێرشەكە كاتژمێر 4:05 خولەکی پاشنیوەڕۆ لە رێگەی درۆنەوە کرایە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و دەستبەجێ ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و ئاگرکوژاندنەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
لەھێرشەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە، تا ئێستاش زانیاری دروست و پشت راستکراوە لەبەردەست نییە سەبارەت بەو لایەنەی ھیرشەکەی ئەنجامداوە.
هاوكات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پشكی یەكێتی لەبارەی هێرشەكەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکەی فرۆکەخانەی عەربەت پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاکی عێراقە، کە کراوەتە سەر هێزەکانی دژە تیرۆر
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە و داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق بێنە سەرخەت و کاربکەن بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی، داواشی لە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان كرد، لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان بكەن.
هەر دوای رووداوەكە، بەرێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لەبارەی رووداوەکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوەو رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە سێ پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش بریندارن.
بەرێوەبەرایەتی دژەتیرۆری یەكێتی ئاماژەی بەوەش كردبوو، لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر رووداوەکە دەستپێکردووە و هەر لایەنێک هاوکاربووبێت رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
دژە تیرۆر دانی بەوەدا ناوە، کە زانیارییان لەبارەی رووداوەکەوە لایە، بەڵام وەک ئەوەی خۆیان رایانگەیاندووە، لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیارییەکان بە شاراوەیی دەهێڵینەوە.
لای خۆیشییەوە، جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لەبارەی رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەھەموو ھەوڵێکمانەوە رووبەڕووی تەحددییە ئەمنییەکان دەبینەوە و لەبەرامبەر ئەم تاوانەش، کە بەزاندنی ئاشکرای خاک و ئاسمانی هەرێم و عیراقە سورترمان دەکات ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمەکەمان بپارێزین و دەرفەت نەهێڵینەوە بۆ ناحەزانمان ئارامیمان تێکبدەن.
هێرشەكە بە دوو فرۆکەی بێفرۆکەوان ئەنجامدراوە وەك ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردووەو راشیگەیاندووە، ئەم کردەوە دوژمنکارییە پێشێلی سەروەری خاک و ئاسمانی دەوڵەتی عێراقە، کە بەداخەوە ئەمە چەندینجارە لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان روودەدات و هەڕەشەشە بۆ سەر ئۆقرەیی و ئاسایشی عیراق و هەرێمی کوردستان.
فراكسیۆنەكە داوای لە حكومەتی عێراقیش كردووە، بێتە دەنگ لەئاستی ئەم پێشلکارییانەی سەر سەروەری عیراق و رێوشوێنی دیپلۆماسی بگرێتەبەرو ئەنجامدەرانی ئەمجۆرە کردەوە دوژمنکارییانە ناچار بکرێن رێز لە سەروەری خاک و ئاسمانی عیراق بگرن و دەست لەم تاوانکارییانە هەڵبگرن.