زووم:
تەنها سێ رۆژی ماوە بۆ کۆتا وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بۆ چۆڵكردنی بارەگا و کەمپەکانی نیشتەجێبوون و چەكداماڵینی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەوەی تاران داوای دەکات، زۆری نەکراوە.
ئێران زوو زوو بە زمانێکی توند جەختدەکاتەوە لەوەی وادەکە بە هیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە، عێراقیش بە نەرمی دەڵێت ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە جێبەجێکراوە، زووم چەند زانیارییەکی دەستکەوتووە کە ئاماژە بە کۆتایی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە دەکات، واتە داماڵینی چەک و چۆڵکردنی بارەگا و کەمپەکان روونادات.
ئەمڕۆ تاران لە زاری ئەمیر محەمەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگرییەوە چەندبارەی کردەوە کە وادەی ڕێککەوتنەکە درێژناکرێتەوە و ناوبراو گوتی، لە كۆتا رۆژی وادەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن و دواتر لەسەر ئەو بنەمایە، بڕیار لەسەر دۆخەكە دەدەن.
ئەوەی تائێستا هەیە، هێزی پێشمەرگەی حزبەکانی رۆژهەڵات بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان لەسەر سنور لەگەڵ ئێران پێچاوەتەوە و جێگۆڕکێیان پێکراوە، نەوید مهرەوەر، بەرپرسی كۆمیتەی نیزامی كۆمەڵەی شۆڕشگێران بە زوومی گوت کە هێزەکانیان گواستراونەتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەی چیایی لە هەرێمی کوردستان بەڵام دورن لە سنورەکانی ئێرانەوە.
بارەگا سەربازییەكانی ئەو حزبانە زیاتر لە ناوچەكانی چیای هەڵگورد و باڵەكایەتی چڕبوونەتەوە كە چەند رۆژێكە ئەو بارەگا سەربازییانە چۆڵكراون و بەشێكیشیان لەلایەن هێزی پاسەوانی سنوور كۆنتڕۆڵكراون.
ئەو رەتیکردەوە بنکە و بارەگاکانیان لە ناوچەی زڕگوێزی نزیک سلێمانی چۆڵ بکەن و جەختیکردەوە کە نەک حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراق وەها داوایەکیان نەکردووە و گوتی، لە شوێن و جێگەی خۆمانین.
پێشتر زووم لەگەڵ زیاتر لە حەوت بەرپرسی حزبەکانی رۆژهەڵات قسەی کرد بەڵام سەرجەمیان رەتیانکردەوە حزبەکانیان قایل بن بە چەکدانان، بەڵام جەخت دەکەنەوە لە چەند مافێکیان خۆشبوون بۆئەوەی نەبنە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی.
لەو بارەوە مەنسور مروەتی، ئەندامی سەركردایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان “حدك” بۆ زووم وتی: ئێمە بۆ پاراستنی بەرژوەندییەكانی ئەوان زۆر ئاساییە بەشێوەی كاتی سازش لە مافەكانی خۆمان بكەین.
لەبارەى بانگەشەی ئێرانی بۆ رێککەوتن لەسەر چۆڵکردنی کەمپەکانیان لە کۆیە، ئەو بەرپرسەی دیموكرات باسی لەوەکرد کە “بەهیچ شێوەیەك بەرنامەیەك نییە بۆ چۆڵكردنی كەمپەكانی كۆیە و لە رێككەوتنەكانیش باس لەوە نەكراوە و چۆڵی ناکەن.
ئەو جەختیکردەوە کە لە رێككەوتنی ئێران و عێراق باسی چۆڵكردنی كەمپەكان نەكراوەو بابەتی چەكداماڵینیش زیاتر بابەتی میدیاییە، چونكە ناكرێت پێشمەرگەكانی ئێمە بۆ بەرگری لە خۆشیان بێت چەكیان پێنەبێت.
وادیارە لێدوانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش پشتگیری قسەکەی مەنسور مروەتی دەکات کە دووپاتیکردەوە کردەوە ئەوەی لە رێككەوتنەكە هەبووە جێبەجێیان كردووە و پێیەوە پابەندبوون، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش كە چووەتە تاران هەمان پەیامی دووپاتكردووەتەوە.