زووم:
گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا هێندە خێرابوون، هەر رۆژە و لەلایەکەوە گرفتى هەسارەى زەوى دەردەکەوێت، تازەترینیان توانەوەى خێرایی بەستەڵەکى باشورى گۆی زەوییە.
بەگوێرەى تازەترین لێکۆڵینەوەی شارەزایانی ژینگەیی، ئاستی ئەو بەستەڵەکەی دەوری جەمسەری باشوری گۆی زەوی داوە بەشێوەیەکی شۆکهێنەر تواوەتەوە، کە هەرگیز پێشتر ئاستی بەوشێوەیە کەم نەبووە.
لەکاتێکدا ئەو ناوچەیەی بەستەڵەکەکەى دەتوێتەوە بەوە جیادەکرێتەوە، زۆرترین بەرگریی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکات.
واڵتەر مێیەر، زانای چاودێری ئاستی بەستەڵەکى دەریایە، لەبارەی توانەوەى بەستەڵەکى جەمسەری باشوری گۆى زەوی دەڵێت، “دۆخەکە لەدەرەوەی هەرشتێکە کە پێشتر بینیومانە، دۆخەکە لەوپەڕی شۆکهێنەریدایە”.
بەگوتەى زانایان توانەوەی بەستەڵەکى باشورى گۆى زەوى لێکەوتەی لەسەر ژینگە و کەشوهەوای جیهان دەبێت، چونکە ئەو بەستەڵەکەیە پلەکانى گەرماى گۆى زەوی رێکدەخات.
بەشێکی زۆر لە وزەی خۆر کە بەر زەوی دەکەوێت بەستەڵەکەکە دەیگەڕێنێتەوە بۆ نێو بەرگەهەوا، هەر ئەو بەستەڵەکەشە زەریاکانی نزیکی سارد دەکاتەوە، ئەگەر بەستەڵەکەکە بتوێتەوە جەمسەری باشور لەبری ببێتە ساردکەرەوە، ئەوکات دەبێتە تیشکدەر بۆ زەوی.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکە ئێستا بڕی ئەو بەستەڵەکەى لەسەر زەریای جەمسەری باشوری گۆی زەوییە کەمترە لە 17 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە. ئەمەش یەک ملیۆن و 500 هەزار کیلۆمەتر کەمترە لە تێکڕای ئەو بەستەڵەکەى لە مانگی ئەیلولى ساڵانی رابردوودا تۆمارکراوە.
دکتۆر مێیەر گەشبین نییە رێژەى بەستەڵەکەکە وەک ساڵانى پێشووى لێبێتەوە، ئەو دەڵێت، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین بزانین هۆکارى توانەوەى بەستەڵەکەکە لەمساڵدا بەراورد بە ساڵانى رابردوو چییە.
ئەمساڵ پلەکانى گەرما بەراورد بەساڵانى رابردوو بەرزتربوون، ئەوەش وەک کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا دادەنرێت.
زانایان هۆشداری دەدەن لەگەڵ توانەوەی زیاترى بەستەڵەکەکان، پلەکانى گەرما بەرزتر دەبنەوە و جەمسەری باشور رۆڵى بۆ رێکخستنی پلەی گەرمای زەوی لەدەستدەدات.