زووم:
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى دا بە ناردنى 700 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى سێ مانگ.
وەزیرێکی کورد لە بەغداد هەواڵەکەى بۆ زووم پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ یەکشەممەى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا بە ناردنی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمى کوردستان بۆماوەی سێ مانگ.
ئەم بڕیارە پاشئەوە دێت، پێنجشەممەى رابردوو شاندێکى باڵاى حکومەتى هەرێم چوونە بەغداد و داوایانکرد بۆماوەی شەش مانگ لە مانگی 7 تاوەکو 12 بەغداد مانگانە بڕی 800 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.
زووم دوێنێ لە زارى ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقەوە ئاشکرایکرد، لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر ناردنی 800 ملیارەکە بۆ هەرێم هەیە” و چەند پێشنیازێکى جیاواز لەوباریەوە لە ئارادان. سەرەنجام ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق 700 ملیارى لەجیاتى 800 ملیار پەسەندکرد و ئەویش بۆ سێ مانگ نەک شەش مانگ وەکو حکومەتى هەرێم داوایکردبوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی رۆژى یەکشەممە 3ـى ئەیلولى 2023 بڕیاری ناردنی سێ 500 ملیار دیناری بۆ مانگەكانی نۆ و دە و یانزە دابوو، ئەوەش بەشێوازی قەرز، بەڵام حكومەتی هەرێم رەتیکردەوە وەریبگرێت و رایانگەیاند لە شایستە داراییەکانى هەرێم زۆر کەمترە.
هاوکات مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەکات بۆ ناردنى 700 ملیار دینارى مانگانە بۆ هەرێمى کوردستان.
هەروەها مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا دەڵێت، توانیمان بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق بگەینە رێککەوتنێکی گونجاو.
ئەو لە راگەیەندراوەکەدا، سوپاسى لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت، پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.