زووم..
ئەو ژمارانەی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق لەبارەی داهاتی هەرێمی كوردستان دەیانخەنەڕوو، زۆر جیاوازن و هەر ئەوەشە بووەتە سەرچاوەی كێشەكانیان و جێبەجێنەكردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق.
بەگوێرەى راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، كە تەیف سامی وەزیری دارایی هەفتەى رابردوو لە بەردەم لیژنەی پەرلەمانى عێراق خستوویەتییەڕوو، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 3 ترلیۆن و 900 ملیار دینار بووە.
هەر بەگوێرەى راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی ناوخۆى هەرێم لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ترلیۆنێک و 945 ملیار دینار بووە، لەگەڵ قەرزی هەردوو بانكی رافیدەین و رەشید، كە بڕكەی ترلیۆنێک و 600 ملیار دینار بووە.
هەروەها قەرزەکانى بانکی بازرگانی عێراقیش کە لە بودجەدا جێگیرکراوە و پێویستە هەرێم مانگانە بیداتەوە، وەكو داهات لەسەر هەرێم ئەژماردەكرێت، بەوپێیەش لەماوەی شەش مانگى ئەمساڵدا 318 ملیار دینار بووە، بەوەش هەرێم زۆر زیاتر لەوەی وەرگرتووە، وەكو ئەوەی لە یاسای بودجە بۆی دیاریكراوە.
بەگوێرەى یاسای بودجەی گشتی عێراق شایستەی دارایی هەرێم 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینارە، کە پاش دەرکردنى خەرجییەکانى حاکیمە و سیادى مانگانە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار، لەم بڕەش مانگانە 906 ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ژمارانەی وەزارەتی دارایی عێراقی رەتكردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕی دوو ترلیۆن و 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، کە 400 ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی رابردوو، لەکاتێکدا بەگوێرەى خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی 2023 بڕی 11 ترلیۆن دینار تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە.
بەهۆی ئەو ژمارانەی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی داهاتەكانی هەرێم لەبەردەستییەتی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی رۆژى یەکشەممە 3ـى ئەیلولى 2023 بڕیاری ناردنی سێ 500 ملیار دیناری بۆ مانگەكانی نۆ و دە و یانزە دابوو، ئەوەش بەشێوازی قەرز، كە حكومەتی هەرێم ئەوەی رەتكردەوە.
بەگوتەى پێشەوا هەورامانی، حكومەتی عێراقی دەڵێت: داهاتی ناوخۆى هەرێم بریتییە لە 320 ملیار دینار، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە و 500 ملیارەكەی عێراقش كۆبکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێم، کە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار، کە لە یاسای بودجەدا هاتووە.
بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە، هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای حکومەتى هەرێم چوونە بەغداد و لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حیزبی كۆبوونەوە، كە بەقسەی مەسرور بارزانى سەرۆكی شاندەكە، دوو پێشنیازی كورتخایەن و درێژخایەنیان خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوەش بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەگوێرەى زانیارییەكان، پێشنیازی كورتخایەنی هەرێم ئەوەیە، بەغداد بۆ شەش مانگی كۆتایی ئەمساڵ، مانگانە بڕی 800 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ 320 ملیاری داهاتی ناوخۆ موچە و خەرجییەكانی حكومەتی پێدابین بكرێت، پێشنیازە درێژخایەنەكەش ئەوەیە، هەمواری چەند بڕگەیەكی یاسای بودجە بكرێت، كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان.
بەمەبەستی تاوتوێكردنی پێشنیازەكەی شاندی هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق كۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی پێشنیازەكە دەدات، كە بەگوێرەى سەرچاوەیەكی لیژنەی دارایی، رەنگە دەنگی ناڕەزایی لەدژی پێشنیازەكە لە ئەنجومەنی وەزیران هەبێت، بەڵام دەنگە ناڕازییەكان نابنە رێگر لەبەردەم ناردنی پارە بۆ هەرێم.
هەر بەگوێرەى سەرچاوەكە، كە قسەی بۆ زووم كردووە، رەنگە ئەو دەنگە ناڕازییە، پێشنیازەكەی هەرێم بۆ دوو ئاراستە بەرێت، كە یەكەمیان ئەوەیە، عێراق مانگانە 500 ملیار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام بۆ شەش مانگ بێت نەک سێ مانگ وەکو پێشتر بڕیارى لێدرابوو، یان ئەوەی 800 ملیارەكە بنێرێت، بەڵام بۆ چوار مانگ بێت، نەك بۆ شەش مانگ وەك ئەوەی هەرێم داوای كردبوو.
ئێستا بەهۆی كێشەكانی هەرێم و عێراق لەسەر بودجە و خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەنها موچەی شەش مانگی ئەمساڵیان وەرگرتووە و تائێستا دیارنییە، كەی موچەكانی مانگەکانى حەوت و هەشت وەردەگرن، لەكاتێكدا بڕیارە بەمنزیكانە لە عێراق دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی نۆ بكرێت.